خهندان-
ئەمریکا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک دیاریکرد کە زانیاری پێبدات بەمەبەستی دەستگیرکردن و سزادانی هاککەرێکی ڕوسی کە تۆمەتبارە بەوەی لە پشت هێرشەکانەوە بوە، بەتایبەتی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر پۆلیس و قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی واشنتن.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، میخائیل ماتڤیڤ تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی بەرنامە ئەلیکترۆنیەکانی وەک (لۆکبیت، بابوک، هایڤ) بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئەمریکا لە ڕوسیاوە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پاداشتی دارایی لە قوربانییەکان کە تا ئێستا بڕی 200 ملیۆن دۆلاری وەرگرتوە.
هاککەرەکە خەریکی کۆدکردنی داتای زۆرێک لە قوربانییەکان بوە
زاری فیلیپ سێلینگەر داواکاری گشتی فیدڕاڵی لە ویلایەتی نیوجرسی ڕایگەیاندوە، هاککەرەکە خەریکی کۆدکردنی داتای زۆرێک لە قوربانییەکان بوە، بەتایبەتی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، کۆمەڵەکان و یەکەکانی پۆلیس، لەنێویاندا پۆلیسی واشنتن و داوای بڕە پارە لە خاوەنەکانیان دەکات لە بەرامبەر پێدانەوەی زانیاریەکان.
هاککەرەکە چەندین ناوی ساختەی بەکارهێناوە
وەزارەتی دادی ئەمریکا دەشڵێت، "هاککەرەکە چەندین ناوی ساختەی بەکارهێناوە، لەوانە وازاواکا، ئێم 1 ئێکس، و بۆریسیلسین".
هاککەرانی ئینتەرنێت بەرنامەی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن بۆ چونە ناو سیستەمی زانیارییە ناپارێزراوەکان و کۆدکردن یان دزینی داتاکانیان، دوای ئەوە هاکەرەکان داوا لە خاوەن ئەو سیستەمە دەکەن بڕێک پارە بدەن لە بەرامبەر پێدانەوەی زانیاری و کۆدکردنەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 10 ملیۆن دۆلاری پاداشتی بۆ هەرکەسێک زانیاری پێشکەش کردوە کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردن و سزادانی، ئەگەر تاوانبار بکرێت و تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ ببێتەوە، میخائیل ماتڤیڤ تا 20 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.