موشەکی هایپەرسۆنیک، "نیشتمانپەروەرێک"ی بێدەنگ لە کیێڤ

08:52 - 16/05/2023

10274جار خوێندراوەتەوە

خةندان-

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، موشەکی هایپەرسۆنیکی "کینجال"ی ڕوسی کە بە "نیشتمانپەروەرێک"ی بێدەنگ ناودەبرێت، لە کیێڤ بەر سیستەمی دژە موشەکی پاتریۆتی ئەمریکی کەوتوە.

وەزارەتی بەرگری روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "موشەکی هایپەرسۆنیکی کینجال بە لێدانێکی وردی بەرز بەر سیستەمی دژە موشەکی پاتریۆتی ئەمریکی لە شاری کیێڤ کەوتوە".

هێزە چەکدارەکانی روسیا هێرشێکی چڕیان بە چەکی دورمەودا لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە ئەنجامداوە
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە، لە شەوی سێشەممەدا هێزە چەکدارەکانی روسیا هێرشێکی چڕیان بە چەکی دورمەودا لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە بە وردبینییەکی بەرز دەستپێکرد، خاڵەکانی جێگیرکردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، هەروەها شوێن و کۆگاکانی هەڵگرتنی تەقەمەنییان کردە ئامانج، چەک و کەرەستەی سەربازی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕادەست کرابون لەناوبرابون.
شەوی رابردو لە کیێڤی پایتەخت ئاگادارکردنەوەی ئاسمانی بەرفراوان راگەیەندرا
شەوی رابردو لە کیێڤی پایتەخت ئاگادارکردنەوەی ئاسمانی بەرفراوان راگەیەندرا، بەڵام لەو شوێنانەی کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی MIM-104 Patriot چالاک کرابو، شایەتحاڵەکان دەڵێن، گوێیان لە تەقینەوەی گەورە بوە.
 سیستەمی "پاتریۆت"ی ئەمریکی توانیویەتی موشەکی "کینجال"ی هایپەرسۆنیکی ڕوسی بخاتە خوارەوە 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا پێشتر ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە، کە سیستەمی "پاتریۆت"ی ئەمریکی توانیویەتی موشەکی "کینجال"ی هایپەرسۆنیکی ڕوسی بخاتە خوارەوە و جەختی لەوەکردەوە، کە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی سیستمەکە بەرزە.

ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانەکانی پێشودا ڕونیکردەوە، "راستییەکە ئەوەیە کە خێرایی فڕینی موشەکی کینجال لە زۆرترین شێوازەکانی شەڕی ئەو سیستەمە موشەکییە دژە فڕۆکەیانەی ڕۆژئاوا بۆ ڕژێمی کیێڤ دابینی کردوە، لەنێویاندا پاتریۆت، خێراترە".