خهندان-
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ مانگی دوەم عێراق کڕینی قەواڵەی دارایی "السندات المالیە"ی ئەمریکی کەمكردوەتەوە بەشێوەیەک گەیشتوەتە 39 ملیار دۆلار، عێراقیش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە کڕینی قەواڵەی دارایی ئەمریکا پلەی چوارەمی گرتوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە نوێترین خشتەیدا ئاماژەی بەوەکرد، عێراق لە مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵدا بەڕێژەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کڕینی قەواڵەی دارایی ئەمریکی کەمكردوەتەوە و بەمەش بە بەهای 39 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار قەواڵەی دارایی کڕیوە.
عێراق لە کڕینی قەواڵەی دارایی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەی چوارەمی گرتوە
ئەوەشیخستەڕو، لەمانگی (شوبات/2)ی ئەمساڵدا عێراق بە بەهای 40 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار قەواڵەی دارایی کڕیوە، بەمەش بۆ ماوەی دو مانگ لەسەر یەك کڕینی قەواڵەی دارایی کەمکردوەتەوە، لەكاتێكدا لەهەمان مانگی ساڵی 2022 عێراق کڕینی قەواڵەی دارایی بە رێژەی 50٪ بەرزکردبۆوە و بە بەهای 26 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری کڕیبو.
لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی سعودیە پلەی یەکەمی لەکڕینی قەواڵەی دارایی گرتوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەشڵێت، "سعودیە لە کڕینی قەواڵەی دارایی ئەمریکی بە بەهای 116 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار پلەی یەکەمی گرتوە و دوای ئەویش ئیمارات بە کڕینی بەهای 61 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بە پلەی دوەم و کوەیت بە کڕینی بەهای 39 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، عێراق بە پلەی چوارەم و عومان بەکڕینی بەهای حەوت ملیار و 61 هەزار دۆلار، مەغریب بە پلەی شەشەم بە کڕینی بەهای سێ ملیار و 890 ملیۆن دۆلار لە قەواڵەی دارایی ئەمریکا دێن.
لەسەر یاستی جیهانی ژپۆن پلەی یەکەم و چین پلەی دوەمیان گرتوە لە کڕینی قەواڵەی دارایی
ئەوەشی ئاشکراکرد، لەسەر ئاستی جیهانی ژاپۆن بەپلەی یەکەم دێت لە کڕینی قەواڵەی دارایی بە بەهای هەزار و 87 ترلیۆن و 700 ملیار دۆلار، چینیش بە پلەی دوەم بە کڕینی بەهای 869 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار و بریتانیا بە کڕینی بەهای 714 ملیار دۆلار، بەلجیکا بە کڕینی بەهای 336 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی قەواڵەی دارایی لە ئەمریکا بەپلەی چوارەم دێت.