سەرۆكایەتیی هەرێم رونكردنەوەیەكی لەبارەی "كۆبونەوەیەک"ی نێچیرڤان بارزانی و سودانی بڵاوكردەوە

10:13 - 15/05/2023

4048جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رەتكردنەوەی داواكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە سەبارەت بەگرێبەستەكانی نەوت دورە لەڕاستیەوە، "نە‌ هیچ كۆبونەوە و داوایەكی وا كراوە".

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەڕونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، "چەند سەرچاوەیەكی هەواڵی عێراقی و هەرێمی كوردستان بڵاویانكردەوەتەوە گوایە كۆتاییی هەفتەی ڕابردو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەیەكدا داوایەكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵی ڕەتكردوەتەوە بۆ ئاشكراكردنی وردەكاریی گرێیەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان".

سەرلەبەری هەواڵەكە هەڵبەستراو و دورە لە ڕاستی

ئاماژەی بەوەشكردوە، "سەرلەبەری هەواڵەكە هەڵبەستراو و دورە لە ڕاستی، نە‌ هیچ كۆبونەوە و داوایەكی وا كراوە".

نە هیچ ناڕونی و شاراوەیی لە گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا هەیە

لەبارەی دۆسیەی نەوت و گرێبەستەكانیشەوە، سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێت، "نە هیچ ناڕونی و شاراوەیی لە گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا هەیە".

 پێشتر ژمارەیەك لەمیدیاكان بڵاویانكردەوە، نێچیرڤان بارزانی داوایەكی محەمەد شیاع سودانی سەبارەت بە ئاشكراكردنی وردەكاری گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم و لەنێویشیاندا گرێبەستیی 50 ساڵەی نێوان هەولێر و ئەنقەرەی رەتكردۆتەوە و ئامادە نەبوە هیچ شتێك لەوبارەیەوە بخاتەڕو.