خهندان-
كۆشكی سپی ئەمڕۆ دوشەممە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە رایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەخۆشحاڵیەوە چاوەڕوانی كاركردنە لەگەڵ كاندیدی سەركەوتوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا.
كۆشكی سپی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "جۆو بایدن بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی كاركردنە لەگەڵ هەركەسێك كە لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا سەركەوتن بەدەستبهێنێت".
هەركەسێك سەربكەوێت، كێشەكان لەناوچەكەدا وەك خۆیان دەمێننەوە
پێشتریش، جۆو بایدن بۆ یەكەمجار لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیاوە لێدوانێكیدا و ڕایگەیاند، "هەركەسێك سەربكەوێت، كێشەكان لەناوچەكەدا وەك خۆیان دەمێننەوە".
لای خۆیەوە، جۆن كیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا پیرۆزبایی لە گەلانی توركیا كرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆكی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند، كاندیدی دەسەڵاتدار "هاوپەیمانی گەل" رەجەب تەیب ئەردۆگان 49.51%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، هاوكات كاندیدی ئۆپۆزسیۆنی "هاوپەیمانی نەتەوەیی" كەمال كلیچدارئۆغڵو 44.88%ی بەدەستهێناوە، هەروەها كاندیدی ڕاستڕەوی "هاوپەیمانی ئاتا" سینان ئۆگان (ناسیۆنالیست) 5.17%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.
وتیشی، "هیچ كام لەو سێ كاندیدە نەیانتوانی لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەستبهێنن، بۆیە هەڵبژاردنی خولی دوەمی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە 28ی ئەم مانگە لە نێوان ئەردۆگان و كلیچدارئۆغڵو بەڕێوەدەچێت