خەندان-
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا راگەیەندراوە و لەم هەڵبژاردنەدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ژمارەی کورسیەکانی بەرزبوەتەوە و پارتی دادو گەشەپێدانی ئەردۆگانیش سەرەڕای ئەوەی لە زۆرینەی پارێزگاکان براوە بوە، بەڵام ژمارەی کورسیەکانی لە پەرلەمان کەمیکردوە.
ئاکپارتی 266 کورسی و جەهەپەش 169 کورسی بەدەستهێناوە
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکایەتی دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا 19 ملیۆن و 132 هەزار و 114 دەنگ 35.49%ی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 266، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کلیچدارئۆغلوش 13 ملیۆن و 680 هەزار و 569 دەنگ واتا 25.38%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 169 کورسی.
هەدەپە چوار ملیۆن و 742 هەزار و 774 دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 62 کورسی پەرلەمان،
هەروەها پارتی چەپی سەوز کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێکهێنەری سەرەکییەتی تائێستا لەم هەڵبژاردنەدا چوار ملیۆن و 742 هەزار و 774 دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 62 کورسی پەرلەمان، هەروەها پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) پێنج ملیۆن و 422 هەزار و 220 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 50 کورسی پەرلەمان، هاوکات ئی پارتی کە لەلایەن مەراڵ ئاکشنەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت پێنج ملیۆن و 256 هەزار و 251 دەنگی مسۆگەرکردوە کە دەکاتە 44 کورسی پەرلەمان.
ژمارەی کورسی پەرلەمانی ئاکپارتی لە 285 کورسییەوە بۆ 266 کورسی کەمی کردوە
بەگوێرەی ئامارە بەراییەکان، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسی پەرلەمانی ئاکپارتی لە 285 کورسییەوە بۆ 266 کورسی کەمی کردوە، هەروەها ژمارەی کورسیەکانی جەهەپە لە 134 کورسییەوە بۆ 169 کورسی بەرزبوەتەوە.
ژمارەی کورسییەکانی هەدەپە لە 57 کورسیەوە بۆ 62 کورسی بەرزبوەتەوە
ژمارەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش لە 57 کورسیەوە بۆ 62 کورسی بەرزبوەتەوە، ژمارەی کورسییەکانی مەهەپەش لە 49 کورسییەوە بوەتە 50 کورسی، بەڵام ئی پارتی ژمارەی کورسیەکانی بەجێگیری ماوەتەوە.