خهندان-
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پێشبینیدەکات، کۆنگرێسی وڵاتەکەی ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بۆ توندکردنەوەی کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی چەک لە ژێر ڕۆشنایی زیادبونی ژمارەی تەقەکردنەکان کە ساڵانە دەیان هەزار ئەمریکی بەوهۆیەوە دەکوژرێن.
جۆو بایدن لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕۆژنامەی USA Today بڵاوکراوەتەوە نوسیویەتی، سەرۆکەکانی دیکەی تێپەڕاندوە لەڕوی ژمارەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی چەکداری لە وڵاتەکەدا گیراونەتەبەر، جەختی لەوەشکردوەتەوە، "بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بەم ئاڕاستەیە".
توانای من سنوردارە و کۆنگرێس دەبێت هەنگاوی گونجاو بنێت
جۆو بایدن دەشڵێت، "توانای من سنوردارە و کۆنگرێس دەبێت هەنگاوی گونجاو بنێت، لەوانە قەدەغەکردنی چەکی هێرشبەر، سنوردارکردنی فرۆشتنی چەک، داواکردن لە خاوەن دەمانچەکان کە بە شێوەیەکی پارێزراو چەک هەڵبگرن و پشکنینی تۆماری کەسی کڕیاران پێش فرۆشتن بکرێت".
پێویستمان بە پاسەوان و یاسادانەرانی ویلایەتەکانە هەنگاوی زیاتر بەم ئاڕاستەیە بنێن
ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێویستمان بە پاسەوان و یاسادانەرانی ویلایەتەکانە هەنگاوی زیاتر بەم ئاڕاستەیە بنێن تا بتوانرێت دیاردەی چەکداری کۆنتڕۆڵ بکرێت".
لە ماوەی 12 مانگی ڕابردودا زیاتر لە 650 ڕوداوی تەقەکردنی جیاواز لە ئەمریکا رویاندا
لە وتارەکەدا بایدن ئاماژەی بە داتاکانی ڕێکخراوی ناحکومی (Gun Violence Archive) کردوە کە ئاماژە بەوە دەکات، "لە ماوەی 12 مانگی ڕابردودا زیاتر لە 650 ڕوداوی تەقەکردنی جیاواز لە ئەمریکا رویاندا کە زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە".
داوا لە کۆنگرێس دەکەن هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیی دەمانچە بنێن
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، "زۆرینەی ئەمریکییەکان و خاوەن تفەنگەکان داوا لە کۆنگرێس دەکەن هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیی دەمانچە بنێن، بەڵام زۆرێک لە کۆمارییەکان زیاتر بەرژەوەندی بەرهەمهێنەرانی چەک لەبەرچاو دەگرن نەک بەرژەوەندیی دەنگدەرەکانیان".
ئەمڕۆ یەکشەممە کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، "بایدن چەند دەستپێشخەرییەکی پەسەند کردوە کە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە تەقەکردن و زیادکردنی کارلێککردن لە نێوان دەسەڵاتە فیدڕاڵی و ناوخۆییەکان، لەوانە هاوبەشکردنی داتاکان و ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەو کەسانەی کە چەک دەکڕن".