خهندان-
عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ شەممە، ڕێنمایییەکی سەبارەت بە مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان لە دو پارێزگا دەرکرد، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی تاوانی ڕێکخراو هەڵمەتێکێکی بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکان دەستپێکرد.
جەمالەدین عەبدولڕەزاق بەڕێوبەری بەشی تاوانی ڕێکخراو لەوەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، لەژێر ڕێنمایی وەزیری ناوخۆدایە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ نرخەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل، بڕیاردرا ڕێگری بکرێت لە مامەڵەکردن بە کڕین و فرۆشتن بە دۆلاری ئەمریکی و پابەندبون بە دراوی ناوخۆیی بە تایبەتی لە شاری سامەرا لە پارێزگای سەڵاحەدین.
تیمەکان گەڕان و بەدواداچونیان ئەنجامدا بەمەبەستی وەرگرتنی بەڵێننامە لە بازرگانان و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکان گەڕان و بەدواداچونیان ئەنجامدا بەمەبەستی وەرگرتنی بەڵێننامە لە بازرگانان و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل بۆئەوەی مامەڵە بە دۆلار نەکەن، ئامانجی ئەم رێنماییەش بەرزکردنەوەی ئاستی دینارە بەرامبەر بە دۆلار، رێگریکردنە لە پێدانی دەرفەت بەو بازرگانانەی دەیانەوێت قەیران دروستبکەن.
بەڕێوەبەری بەشی تاوان بەڵێنیدا ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرێتەبەر
بەڕێوەبەری بەشی تاوان بەڵێنیدا ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرێتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوە تەواو بکات بۆئەوەی بیانخاتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوانی ڕێکخراو، لە بەغدای پایتەخت، هەڵمەتێکی هاوشێوەی ئەنجامدا و بەڵێنی لە خاوەن پێشانگا و کۆمپانیا بازرگانییەکان وەرگرت کە مامەڵە بە دۆلار نەکەن و پاڵپشتی دیناری عێراقی بکەن، لە بەرامبەردا خاوەن کۆمپانیا و پێشانگاکان ستایشی ئەم هەنگاوەیان کرد، وەک چۆن بەشدار دەبێت لە سەقامگیری نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان.