خهندان-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا و بەسەرکردنەوەی بەنداوی موسڵ رایگەیاند، بەبێ هیچ دواکەوتنێک پێویستە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە بگەیەندرێتە ئەنجام و بەباشترین شێواز نۆژەن بکرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ هەینی محەمەد شیاع سودانی لە سەرەتای سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا، کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی گەیشتە ئەو پارێزگایە، سەردانێکی مەیدانی بۆ بەنداوی موسڵ ئەنجامدا.
سودانی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تەکنیکی کرد لە بارەگای ئیدارەی بەنداوی موسڵ
محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تەکنیکی کرد لە بارەگای ئیدارەی بەنداوی موسڵ، بە ئامادەبونی وەزیری ڕۆشنبیری، پارێزگاری نەینەوا، سەرۆکی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان کە لە هەرێمێکدا ڕێکخراو نین، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و هەردو یاریدەدەری سکرتێری وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و پلاندانان و بەڕێوەبەری پڕۆژەکە و ژمارەیەک ئەندازیاری تەکنیکی.
ڕونکردنەوەیەکی کورت لەسەر دۆخی ئێستای بەنداوەکە خرایەبەردەم سودانی
لە میانی دیدارەکەدا، ڕونکردنەوەیەکی کورت لەسەر دۆخی ئێستای بەنداوەکە و کارە بەردەوامەکانی بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی، کە لەلایەن تیمی تەکنیکی ڕاهێنراوی عێراقییەوە ئەنجامدەدرێن خرایەڕو.
سودانی فەرمانیکرد، کێشەکانیان چارەسەر بکرێت
محەمەد شیاع سودانی لەسەردانەکەیدا، لە کارە بەردەوامەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەکان کە بۆ بەنداوەکە ئەنجامدەدرێن ئاگادارکرایەوە، بەدواداچونیشی کرد بۆ دیارترین کێشەکانی بەردەم کرێکاران و فەرمانیکرد، کێشەکانیان چارەسەر بکرێت، هەروەها گوێی لە کۆمەڵێک بۆچون گرت سەبارەت بە چاکسازییە بەردەوامەکانی بەنداوەکە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەرۆشی خۆی بۆ بەنداوی موسڵ دوپاتکردەوە کە یەکەم وێستگەی خۆی بێت لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاکە، بەهۆی گرنگییەکەیەوە، هەروەها ئاڕاستەی بەردەوامبونی نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکەی کرد، بەبێ هیچ دواکەوتنێک.