خهندان-
ئەنتۆنی بلێنکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەڵێنیدا وڵاتەکەی کەمیی چەک لە ئۆکرانیا پڕبکاتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە بەرامبەر بە روسیا و رایگەیاند، ڕۆژانە لەگەڵ ئۆکرانیا و لەگەڵ هاوپەیمانی وڵاتان کاردەکەین بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی کیێڤ پشتیوانی وەردەگرێت.
ئەنتۆنی بلێنکن لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ئەمریکا هەمو هەوڵێک دەدات بۆ قەرەبوکردنەوەی نەبونی چەک لە ئۆکرانیا ئەگەر کیێڤ، واشنتن لەو بارەیەوە ئاگادار بکاتەوە".
وڵاتانی ڕۆژئاوا زرێپۆشی پێویستیان بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دابین نەکردوە
لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ی بی ئێس، داوا لە ئەنتۆنی بلێنکن کرا کە لێدوان لەسەر قسەکانی ڤلادمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بدات، کە تیایدا باسی لەوە کرد کە وڵاتانی ڕۆژئاوا زرێپۆشی پێویستیان بۆ هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دابین نەکردوە کە بتوانن هێرشی پێچەوانە بۆسەر روسیا ئەنجامبدەن.
ڕۆژانە لەگەڵ ئۆکرانیا و لەگەڵ هاوپەیمانی وڵاتان کاردەکەین
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، "ڕۆژانە لەگەڵ ئۆکرانیا و لەگەڵ هاوپەیمانی وڵاتان کاردەکەین بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی کیێڤ پشتیوانی وەردەگرێت".
وتیشی، "ئەگەر کەمیی چەک و تەقەمەنی هەبو پێمان دەڵێن و ئێمەش هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان".
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبو، سوپای وڵاتەکەی پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ ئامادەکردنی هێرشی دژە هێرش بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ڕوسیا و دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە.