خهندان-
مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی و ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆکاری دوبارە بەرزبونەوەی بەهای دۆلاری بەرامبەر بەدینار لەبازاڕەکان خستەڕو و راشیگەیاند، "بەرزبونەوەی دۆلار کاتیە".
مەزهەر محەمەد ساڵح رایگەیاند، "دوبارە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار لەبازاڕەکانی ناوخۆ کاتیە و زۆر ناخایەنێت".
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا جارێکی تر بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار رو لەدابەزین دەکات
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا جارێکی تر بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار رو لەدابەزین دەکات، بەجۆرێکیش دەبێت کە دەچێتە نرخی فەرمی یان نزیک دەبێتەوە لەنرخی فەرمی کە 100 دۆلار بەرامبەرە بە 132 هەزار دینار.
بەرزبونەوەی کاتی بەهۆی قاچاخکردنی دراو لەلایەن باندەکانی تاوانی ڕێکخراوەوەیە لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنیەوە
ئەوەشیخستەڕو، بەرزبونەوەی کاتی بەهۆی قاچاخکردنی دراو لەلایەن باندەکانی تاوانی ڕێکخراوەوەیە لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنیەوە، بەڵام ڕێوشوێنی توندی حکومی و ئەمنی هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم باندانە، بۆیە ئەم نرخە لە چەند ڕۆژی داهاتودا نرخەکە کەمدەبێتەوە.
نرخی دۆلار ئەمڕۆ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بەجۆرێک بەهای 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 147 و 500 دینار، ئەمەش جارێکی دیکە ترسی بەرامبەر بەدیناری عێراقی لەبازاڕەکان دروستکرد.