خهندان-
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ ئامادەکردنی هێرشی دژە هێرش بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی ڕوسیا و دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە.
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کەناڵی BBC رایگەیاندوە، "دەتوانین بە سەرکەوتویی پێشبکەوین، بەڵام خەڵکێکی زۆر لەدەست دەدەین، ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە".
پێویستە چاوەڕێ بکەین، هێشتا پێویستمان بە کاتێکی زیاترە
وتیشی، "پێویستە چاوەڕێ بکەین، هێشتا پێویستمان بە کاتێکی زیاترە بۆ دەستپێکردنی تەواوەتی هێرشی دژە هێرش بۆسەر روسیا".
باس لە ئامادەیی ئۆکرانیا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە بۆسەر هێزەکانی ڕوسیا
ماوەی چەند هەفتەیەکە لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا باس لە ئامادەیی ئۆکرانیا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە بۆسەر هێزەکانی ڕوسیا، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی وەرگرتنی چەکی پێشکەوتوی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەلایەن کیێڤ و ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ سەربازانی ئۆکرانیا لە چەند شارێکی ئەوروپا.
لە ماوەی ڕابردودا وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وەرگرتنی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و هۆڵندا ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە مۆسکۆ چەندینجار دەستوەردانەکانی واشنتنی شەرمەزار کردوە و ڕایگەیاندوە، ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمریکا شەڕی بە وەکالەت دژی ڕوسیا لە ئۆکرانیا بەڕێوە دەبات.