خەندان-
بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرزبوەوە و پێشبینی دەکرێت ناجێگیری لە نرخەکەی بەردەوام بێت، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەڵێت، ماستەرکارت لەماوەی رابردودا کاریگەریەکی ئیجابی لەسەر بەهای دۆلار هەبو، ئەو کارتە خواستێکی زۆری بازاڕەکانی پڕکردەوە و ببوە بازرگانییەکی باشیش بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان، بەڵام ئێستا کە سنوردارکراوە، هۆکارە بۆ بەرزبونەوەی دۆلار.
جەبار گۆڕان، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بەخەندان-ی راگەیاند، "هۆکاری بەرزبونەوەی دۆلار بەرامبەر بەدینار سنوردارکردنی ماستەرکارتە کە لەماوەی رابردودا کاریگەریەکی ئیجابی لەسەر بەهای دۆلار هەبو بەرامبەر بەدینار، ئەو کارتە خواستێکی زۆری بازاڕەکانی پڕکردەوە و ببوە بازرگانییەکی باشیش بۆ هاوڵاتیان و بازرگانانیش، لەکاتێکدا کە دەچونە دەرەوەی وڵات بۆ کڕینی کاڵا و کەلوپەل ژمارەیەک کارتیان لەگەڵ خۆیان دەربرد و لە دەرەوە دۆلاریان پێڕادەکێشا و کارەکانیان خۆیان پێ ئەنجامدەدا، هەروەها باڵانسی دیناری بەرامبەر بەدۆلار راگرتبو".
ئێستا بانکی ناوەندی عێراق مامەڵەکردن بەو کارتانەی سنوردار کردوە و دەڵێت بەمەبەستی سپیکردنەوەی پارە بەکارهێنراون
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا بانکی ناوەندی عێراق مامەڵەکردن بەو کارتانەی سنوردار کردوە و دەڵێت بەمەبەستی سپیکردنەوەی پارە بەکارهێنراون، بەڵام ئەو جۆرە "سپیکردنەوە نیە"، بازاڕ لە خواست و خستنەڕو پێکدێت، کاتێک کە خواست لەسەر دراوێک دەبێت ئەگەر بەهێندەی ئەو خواستە دراو خرایەڕو کەواتە باڵانس دەبێت، ئەوەی باڵانسی دروستکردبو لە بازاڕ ماستەر کارت بو، بەڵام ئێستا سنوردار کراوە، هەندێک رۆژ کار دەکات و هەندێک جار کارناکات.
پێیوایە بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق بۆ سنودارکردنی کارکردن بە ماستەر کارت "لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە"
وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی پێیوایە بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق بۆ سنودارکردنی کارکردن بە ماستەر کارت "لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە" و بەهای دۆلار زیاتر بەرزدەکاتەوە، دواهەنگاویش بڕیاری بردنی تەنها دو کارتە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەکاتی گەشتەکانیاندا کە لەمەودوا لە فڕۆکەخانەکاندا جێبەجێ دەکرێت.
پێدەچێت بڕیاری سنوردارکردنی کارتی ئەلیکترۆنی لەبەرژەوەندی هەندێک کەس بێت
جەبار گۆڕان پێیوایە، "پێدەچێت بڕیاری سنوردارکردنی کارتی ئەلیکترۆنی لەبەرژەوەندی هەندێک کەس بێت، چونکە بەوهۆیەوە ئێستا جیاوازی دۆلار لە بانکی ناوەندی لەگەڵ بازاڕی رەش زیاتر لە 15 هەزار دینارە، عێراق خەڵکی بەرژەوەندیخوازی زۆر تیایە، هەرچەندە رۆژانە 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت بەڵام ئەو پارەیە بە ئاسانی ناگاتە دەستی بازرگانان و هاوڵاتیان، هەرچەندە پێموایە کە بانکی ناوەندی دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بکات".
ئەمشەو جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرزبوەوە و 100 دۆلار گەیشتە 147 هەزار و 250 دینار
ئەمشەو جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەرزبوەوە و 100 دۆلار گەیشتە 147 هەزار و 250 دینار، ئەوەش لەکاتێکدایە بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیاکان بە دابینکردنی پارە بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریەکانیان.
بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە کە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیاکان بە دابینکردنی دۆلار بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریەکانیان، هەروەها دابینکردنی دارایی پێداویستییە تایبەتییەکانی هەمو هاوڵاتیان وەک گەشت، چارەسەر و خوێندن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە رێگەی (Visa MasterCard) بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک.