ژنێک دوای نوسینی کتێبێک لەبارەی خەم و ماتەمینی، دەرکەوت بکوژی هاوسەرەکەیەتی

12:09 - 10/05/2023

16814جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ژنێکی ئەمریکی کە کتێبێکی منداڵانی لەسەر خەم و ماتەمینی دوای مردنی هاوسەرەکەی نوسیوە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت خۆی بکوژی هاوسەرەکەیەتی و بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکرا.

کۆری ڕیچێنس کتێبێکی بەناوی "ئایا تۆ لەگەڵمدایت؟" لە چەند مانگێک دوای مردنی ئێریک ڕیچنسی هاوسەری بڵاوکردەوە کە لە مانگی (ئازار/3)ی 2022 لە ژورەکەیان لە ویلایەتی یوتا لە ڕۆژئاوای ئەمریکا هاوسەرەکەی بە مردویی دۆزرایەوە.

خواردنەوەیەکی دروستکردوە و هێناویەتی بۆ هاوسەرەکەی کە لە جێگادا بوە 
کۆری ڕیچێنس تەمەن 33 ساڵ بە پۆلیسی ڕاگەیاندوە، "خواردنەوەیەکی دروستکردوە و هێناویەتی بۆ هاوسەرەکەی کە لە جێگادا بوە و کاتێک هاتۆتە لای و دەستی لێداوە، جەستەی سارد بوە".
پیاوەکە بەهۆی ژەمی زۆری دەرمانی فێنتانیڵەوە مردوە
لە پشکنینی جەستەیدا دەرکەوتوە، پیاوەکە بەهۆی ژەمی زۆری دەرمانی فێنتانیڵەوە مردوە، کە دەرمانێکی دروستکراوی ئەفیونی بەهێزە و پیاوەکە پێنج هێندەی ژەمێکی کوشندەی خواردوە.
کۆری ڕیچێنس داوای لە کەسێکی ناسیاوە کردوە کە دەرمانی ئازارشکێنی بەهێزی بۆ دابین بکات
لێکۆڵەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە کۆری ڕیچێنس داوای لە کەسێکی ناسیاوە کردوە کە دەرمانی ئازارشکێنی بەهێزی بۆ دابین بکات، هاوشێوەی ئەو دەرمانانەی کە مایکل جاکسۆن خواردویەتی، کە بەهۆی زیادەڕۆیی لە خواردنی پرۆپۆفۆلی بێهۆشکەر گیانی لەدەستداوە.
ئێریک ڕیچنس بە هاوڕێیەکی ڕاگەیاندوە کە گومانی هەیە هاوسەرەکەی هەوڵی ژەهراویکردنی بدات
بەپێی بەڵگەنامەکانی پۆلیس، کۆری ڕیچێنس، 30 حەبی فێنتانیڵی بەدەستگەیشتوە، دوای چەند ڕۆژێک، ئێریک ڕیچنس بە هاوڕێیەکی ڕاگەیاندوە کە گومانی هەیە هاوسەرەکەی هەوڵی ژەهراویکردنی بدات.

دوای لێکۆڵینەوەکانیش، دادگا کۆری ڕیچێنسی بە تۆمەتی کوشتنی پلە یەک تۆمەتبار کرد.

کتێبەکەی لە وەسفە ڕیکلامییەکانیدا وەک "دڵنیاکەرەوە و دڵنەوایی" پێشکەش دەکرێت، "لەلایەن دایکێکی خۆشەویستەوە نوسراوە کە خۆی بەم تاقیکردنەوەدا تێپەڕیوە".

کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر ڕۆماننوسێکی دیکەی ئەمریکی کە بابەتێکی بەناونیشانی "چۆن هاوسەرەکەت بکوژیت" بڵاوکردبوەوە، بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی تاوانبار کرا.

ڕۆماننوسەکە ناوی نانسی کرامپتۆن برۆفییە و بەهۆی کوشتنی هاوسەرەکەیەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، دوای ئەوەی لە مانگی (حوزەیران/6)ی 2018 دو گوللەی لە دڵی هاوسەرەکەیدا دابو.

نیشانەکردن

ئه‌مریكا