خەندان-
ماوەی سێ ڕۆژە رێگری لە گەڕانەوەی سەدان شۆفێری بارهەڵگر دەکرێت کە دەیانەوێت لە ناوچەیەکی نێوان ڕانیە-شەقڵاوە (هەولێر) بگەڕێنەوە بۆ تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەکە کە بڕیارە 14 ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، نوێنەری هەدەپەش لە هەرێم دەڵێت، تائێستا هۆکاری رێگریکردن لێیان نازانن.
ناهیدە ئەرمیش، نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "ماوەی سێ رۆژە لە نێوان 150 بۆ 200 شۆفێری بارهەڵگر لە بازگەیەک لە نێوان ڕانیە-شەقڵاوە (هەولێر) رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە نێو خاکی تورکیا بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بکەن لە 14ی ئەم مانگەدا".
هیچ وەڵامێکیان نادرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو کەسانە لە رەوشێکی خراپدان و سێ رۆژە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەمێننەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر هەوڵیانداوە کە بزانن هۆکاری ئەوە چیە رێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە نێو خاکی تورکیا بەڵام هیچ وەڵامێکیان نادرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو کەسانە لە رەوشێکی خراپدان و سێ رۆژە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دەمێننەوە و کێشەی خواردن و خواردنەوەیان هەیە.
بە شۆفڵ خۆڵیان لەسەر رێگەکە ڕشتوە و ڕێگامان لێگیراوە بۆ ئەوەی نەچینە نێو خاکی تورکیاوە
خەندان لەگەڵ یەکێک لە شۆفێرەکان قسەیکرد و لەلێدوانێکدا وتی، "بە شۆفڵ خۆڵیان لەسەر رێگەکە ڕشتوە و ڕێگامان لێگیراوە بۆ ئەوەی نەچینە نێو خاکی تورکیاوە، پێمان دەڵێن، تاوەکو لەسەرو خۆیانەوە ڕێنمایی نوێیان پێنەدرێت، ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە باکوری کوردستان".
داوا دەکەین رێگەمان بدەن بگەڕێینەوە خاکی باکور و نێو ماڵی خۆمان
ئەو شۆفێرە دەڵێت، "ئێمە زیاتر لە 150 شۆفێری بارهەڵگرین و پێمانوایە رێگریکردنمان سیاسییە و دروستکردنی کێشەیە بۆمان، هێشتنەوەمان بەوجۆرە ژیانمان دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە خواردن و ئاومان لانەماوە و لە دۆخێکی خراپداین، داوا دەکەین رێگەمان بدەن بگەڕێینەوە خاکی باکور و نێو ماڵی خۆمان".