تیمی هاوبەشی یەکێتیی و گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی راگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە

05:10 - 09/05/2023

6107جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تیمی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبونەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی تیمی هاوبەشی یەکێتیی و گۆڕان، لە کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە سلێمانی بە سەرپەرشتی مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنوکەیی کراو لەوبارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کرد.

پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و حزبیش بتەوتر بکرێن

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبونەوەکە لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابورییەکان، جەختی لەوەکردەوە، کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و حزبیش بتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت روبەڕوی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا رەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن.

دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، هەروەها هەردولا هاوڕا بون کە، "دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت و هەردو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن".   

ئەوە سێیەمین کۆبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردو و لەئاستی جیاجیادا کە ئەمانج لێیان بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان، هەر بۆیەش بڕیاردرا ئەم کۆبونەوانە بەردەوامییان پێ بدرێت.

نیشانەکردن

یەکێتی گۆڕان