خهندان-
محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی سیستەمی سێ دەوامی لە سەرجەم پڕۆژەکاندا و رایگەیاند، کاری لەپێشینەی حکومەت جێبەجێکردنی پرۆژەیە لەو ناوچانەی کە کێشەی گەورەیان روبەڕو بۆتەوە.
بەگوێرەی نوسراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە واژۆی عەلی ئەللامی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی لەسەرە و ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکان کراوە، تێیدا هاتوە، لەسەر بنەمای ڕەزامەندی سەرۆک وەزیران و بەمەبەستی خێراکردنی کارکردن لەسەرجەم پرۆژەکان، کارەکان بە سێ شەفت ئەنجامبدرێن بۆ دڵنیابون لە تەواوبونی خێرای پڕۆژەکان و زیادکردنی هێزی مرۆیی.
کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هاوڵاتیانە
لەلایەکی دیکەشەوە هەر ئەمڕۆ دوشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد تایبەت بە پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی پارێزگای زیقاڕی کرد و رایگەیاند، کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هاوڵاتیان و بە ئامانجگرتنی ئەو ناوچانەیە کە زۆرترین کێشەیان بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاریەوە هەیە.
سودانی جەختیشی لەسەر گرنگیدان بە توانا و کوالیتی ئەو پڕۆژانە کردەوە کە جێبەجێدەکرێن و پەیوەستن بە داواکارییەکانی خەڵک و وتی، "دەبێت رێگری لە دوبارەبونەوەی ئازارەکانی هاوڵاتیان بکرێت کە لە ئەنجامی نەبونی ژێرخانێکی پتەوی ناوچەکانیان دروستبون".