خهندان-
سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە کە عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاند، لەقۆناغی ئێستادا گۆڕانکارییەکانی داهاتوی کابینەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی نابنە هۆی گۆڕینی هیچ وەزیرێک، بەڵکو ئەو هەنگاوەی دەستیپێکراوە بۆ هەڵسەنگاندنی کار و ئەدای وەزیرەکان و باشتر راییکردنی کاروباری وەزارەتەکانە.
ئەحمەد عیساوی ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە رایگەیاند، لە پڕۆگرامی وەزاریدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتیکردۆتەوەن هەر وەزیرێک هیچ شتێک بۆ وەزارەتەکە نەکات و گۆڕانکاری و چاکسازی لە چوارچێوەی وەزارەتەکەیدا نەکات دەگۆڕدرێت، تا ئێستا سودانی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت هەڵسەنگاندنێک بۆ وەزیرەکان بکرێت.
محەمەد شیاع سودانی بەرپرسی کابینەکەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نایەوێت شکست لەم کابینەیەی حکومەتەکەیدا هەبێت
وتیشی، "محەمەد شیاع سودانی بەرپرسی کابینەکەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش نایەوێت شکست لەم کابینەیەی حکومەتەکەیدا هەبێت، ڕەنگە گۆڕانکاری لە هیچ وەزیرێک نەکات و ئەو تەنها بە هەڵسەنگاندن ڕازی بێت، یان ڕەنگە گۆڕانکاری تەنها بۆ یەک یان دو وەزیر هەبێت، ئەمەش پەیوەستە بە کوتلە سیاسییەکان و سەرۆک وەزیرانەوە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ کوتلە و لایەنە سیاسییەکان بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت".
لە دوای شەش مانگ لە دەستپێکردنی کارەکانی، گۆڕانکاری ئەنجامدەدات
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەماوەی شەش مانگی دەستبەکاربونی کاربینەی حکومەتەکەیدا، لە زیاتر لە بۆنەیەکدا هەڵسەنگاندنی کاری وەزیرەکانی پشتڕاستکردەوە، لە دوای شەش مانگ لە دەستپێکردنی کارەکانی، گۆڕانکاری ئەنجامدەدات.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، سودانی بە گۆڕینی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە وەزارەتەکان رێکارەکانی گۆڕانکاری دەستپێکردوە و چاوەڕوانیشدەکرێت لەدوای بەڕێوەبەرە گشتیەکان، ژمارەیەک بریکاری وەزارەتەکانیش بگۆڕێت و پاشانیش بچێتە سەر هەڵسەنگاندنی ئەدای کاری وەزیرەکان.