خەندان-
هەریەکە لە کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا و عەلی باباجان، سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) دەڵێن، ئەگەر پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هاوشێوەی پەکەکە بن، بەڵام "ڕێکخراوی تیرۆریستی" نین.
کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەبارەی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باسی لەوەکردوە، "بۆ ئێمە پەیەدە و یەپەگە رێکخراوێکی تیرۆریستی نیین ئەگەر لە بنەڕەتیشدا هاوشێوەی پەکەکە بن، ڕێکخراوی تیرۆریستی هاوڵاتی سڤیل، گەنج، پیر، ژن یان پیاو دەکوژن، بەڵام تا ئێستا یەپەگە کارێکی لەو شێوەیەی لە دژی تورکیا و گەلەکەی جێبەجێ نەکردوە".
یەپەگە رێکخراوێکە بۆ ڕزگارکردنی زێدی خۆی ڕێکخراوە، پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت
ئەوەشی خستەڕو، "ئەگەر کارێکی لەوجۆرە بکرێت بێگومان ئێمە دژایەتی دەکەین، یەپەگە رێکخراوێکە بۆ ڕزگارکردنی زێدی خۆی ڕێکخراوە، پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت"، وتیشی، "ئەو پرسە بە چەک چارەسەر ناکرێت، ئەگەر چارەسەر بکرایە تا ئێستا چارەسەر دەکرا".
هەرچەندە پەیەدە و یەپەگە لە بنەڕتدا هاوشێوەن، بەڵام ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نین
هاوکات عەلی باباجان یەکێک لە هاوبەشانی هاوپەیمانی 7 قۆڵی لەدژی دەسەڵاتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆکی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی بەشداریکردنی بەرنامەیەکدا، لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاڤای کوردستان
رایگەیاند، "هەرچەندە پەیەدە و یەپەگە لە بنەڕەتدا هاوشێوەی پەکەکەن، بەڵام ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نین کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانەوە پێناسە دەکرێن".
تیرۆر پێناسەیەکی هەیە، ئەمە تەنها پێناسەی تایبەتی ئێمە نییە، پێناسەیەکی نێودەوڵەتی هەیە
ئاماژەی بەوەشکرد، "تیرۆر پێناسەیەکی هەیە، ئەمە تەنها پێناسەی تایبەتی ئێمە نییە، پێناسەیەکی نێودەوڵەتی هەیە ئەگەر ڕێکخراوێک تیرۆریستی بێت شەڕی لەگەڵ دەکەین تا کۆتایی، بەڵام بەرەنگاربونەوەی تیرۆر تەنها بە چەک ئەنجام نادرێت".
تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە، کە بڕیارە لە 14ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، کە وەک هەڵبژاردنێکی گرنگ لە مێژوی وڵاتەکەدا دەبینرێت لە مێژوی 100 ساڵەی کۆمارەکەدا، لەو چوارچێوەیەدا پەیامی پشتیوانی لە قەندیل و کوردانی باکوری کوردستان لەلایەن کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆکایەتی بەردەوامە.