پاپای ڤاتیکان لە هەنگاریاوە: دەرگا بەڕوی بیانییەکان و کۆچبەران دامەخەن

03:16 - 30/04/2023

2339جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پاپا فرانسیس ئه‌مڕۆ لە گۆڕەپانێکی کراوەی شاری بوداپێست قسه‌ی بۆ جەماوەرێکی زۆر کرد و داوای لە هەنگارییەکان کرد کە کۆچبەران و ئەوانەی بە هاوڵاتیانی بیانی ناوده‌برێن ره‌وانه‌ی وڵاته‌كانیان نه‌كرێنه‌وه‌، ئەوەش بانگەوازێکە کە ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتەکانی دژە کۆچبەری ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی ناسیۆنالیستی هەنگاریا.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ دەیان هەزار کەس لە گۆڕەپانی پشت باڵەخانەی پەرلەمان و دەوروبەری كۆبونه‌وه‌ بۆ بینینی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان لە کۆتا ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئه‌و وڵاته‌.

دەرگا داخراوەکان بە ئازارە و پێچەوانەی فێرکاری و ئامۆژگاریه‌كانی حه‌زره‌تی مەسیحه‌
پاپا له‌ وتارێكدا له‌به‌رده‌م ده‌یان هه‌زار كه‌س درێژه‌ی بە قسەکانیدا کە لە یەکەمین رۆژی سەردانەکەی كه‌ له‌ 28ی ئه‌م مانگه‌ دەستیپێکرد، کاتێک هۆشداریدا لە مەترسی هەڵکشانی ناسیۆنالیزم لە ئەوروپا، وتی، "دەرگا داخراوەکان بە ئازارە و پێچەوانەی فێرکاری و ئامۆژگاریه‌كانی حه‌زره‌تی مەسیحه‌".
لە مەراسیمەکەدا سەرۆک وەزیرانی ناسیۆنالیستی هەنگاریا بەشداری کرد کە خۆی وەک بەرگریکارێک لە بەها مەسیحییەکان دەبینێت
لە مەراسیمەکەدا ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی ناسیۆنالیستی هەنگاریا بەشداری کرد کە خۆی وەک بەرگریکارێک لە بەها مەسیحییەکان دەبینێت، ئه‌و وتی، رێگە نادات هەنگاریا بگۆڕدرێت بۆ "وڵاتێکی کۆچبەران"، کە نامۆیە بە خەڵکی ڕەسەنی وڵاتەکەی وەک وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
پێویستە هەنگارییەکان خۆیان لە دەرگا داخراوەکانی تاکگەرایی لە کۆمەڵگەیەکی تادێت گۆشەگیر دەبێت، دور بخەنەوە
پاپا فرانسیس تەمەن 86 ساڵ لە وتاری خۆیدا ڕایگەیاندوە، پێویستە هەنگارییەکان خۆیان لە "دەرگا داخراوەکانی تاکگەرایی لە کۆمەڵگەیەکی تادێت گۆشەگیر دەبێت، دور بخەنەوە، دەرگا داخراوەکانی بێباکیمانه‌ بەرامبەر بەکەسانی بیانی و ئەوانەی ئازار دەچێژن، ئەو دەرگایانەی کە ئێمە لە بیانییەکان دایدەخەین یان ئەوانەی وەک ئێمە نین، لەبەردەم کۆچبەران یان هەژاراندا قه‌یران دروستده‌كات".
پاپا فرانسیس پێیوایە پێویستە پێشوازی لەو کۆچبەرانە بکرێت کە لە هەژاری هەڵدێن
پاپا فرانسیس پێیوایە پێویستە پێشوازی لەو کۆچبەرانە بکرێت کە لە هەژاری هەڵدێن، چونکە دەتوانن لە ڕوی کولتورییەوە وڵاتانی میواندار دەوڵەمەند بکەن و ژمارەی دانیشتوانی ئەوروپا زیادبکەن، پاپا پێیوایە لەکاتێکدا وڵاتان مافی پاراستنی سنورەکانیان هەیە، بەڵام پێویستە کۆچبەران لە سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا دابەش بکرێن.

حکومەتەکەی ئۆربان بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ژورەوەی کۆچبەران، سیاجێکی پۆڵاینی لەسەر سنوری سڕبیا داناوە، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری چه‌ندین رێوشوێنی توند دژی كۆچبه‌ران كه‌ رو له‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن.

نیشانەکردن

ئەوروپا