کاندیدێکی سەربەخۆی کورد لە جولەمێرگ وەڵامی بانگەوازەکەی دەمیرتاش دەداتەوە

08:17 - 27/04/2023

6005جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

لەگەڵ پارتە سیاسییە کوردەکانی تورکیا، ژمارەیەکی زۆر کاندیدی سەربەخۆش بەشداری هەڵبژاردنەکانی 14ی مانگی ئایاری ئەو وڵاتە دەکەن، ئەسەت جانان یەکێکە لەو سیاسەتمەدارانەی کە کاندیدبوونی سەربەخۆی خۆی لە شاری جولەمێرگ یان هەکاری ڕاگەیاند، ده‌ڵێت، "بانگهێشتکردنی دەمیرتاش بۆ من زۆر گرنگە، بەڵام ئێستا ناتوانم بکشێمەوە، کاندیدبونم زیان بە پارتی چەپی سەوز ناگەیەنێت، چونکە زۆرترین دەنگ بۆ من لە پارتی ئاکەپەوە دێت".

جانان لە ساڵی 1991 لە پارتی ئاناپ و لە ساڵی 2002 لە پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) و لە ساڵی 2011 ش لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرا.

لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی هەدەپەدا کەموکوڕی زۆر هەبوە
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە تەمەن 73 ساڵە لە بارەی هۆکاری کاندیدبونی سەربەخۆی دەڵێت، لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی کاندیدەکانی هەدەپەدا کەموکوڕی زۆر هەبوە و بەم شێوەیە لەسەر داوای خەڵک بوەتە کاندیدێکی سەربەخۆ.
پێویستە حزب لە بچوکترین هەڵبژاردنیشدا بۆچونی خەڵک وەربگرێت
جانان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوه‌، "پێویستە حزب لە بچوکترین هەڵبژاردنیشدا بۆچونی خەڵک وەربگرێت و دواتر کاندیدەکانی هەڵبژێرێت، ناوەندی پارتەکە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا ئەمە لەبەرچاو ناگرێت و خۆیان کاندید دیاری دەکەن".
تا ئێستاش ئەندامی هەدەپەیە و نەچوەتە ناو جەهەپەوە
لە ماوەی ڕابردودا دەنگۆی ئەوە هەبوە کە جانان داوای کردوە ببێتە کاندیدی جەهەپەی، بەڵام جەهەپە قبوڵی کردوە، لەمبارەیەوە ده‌ڵێت، تا ئێستاش ئەندامی هەدەپەیە و نەچوەتە ناو جەهەپەوە، وتیشی کە تەنانەت داوای نەکردوە ببێتە کاندیدی هەدەپەش، چونکە "بێ ئومێد بوە" لەو حزبە.
لە ساڵی 2015دا خولی پەرلەمانی هەدەپەم کۆتایی هات، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کەسێکی ئەو پارتە نەهاتوەتە بەر دەرگاکەم
دەشڵێت، "دوای ئەوەی لە ساڵی 2015دا خولی پەرلەمانی هەدەپەم کۆتایی هات، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کەسێکی ئەو پارتە نەهاتوەتە بەر دەرگاکەم، هیچ هەواڵێکیان نەپرسیوم، بۆ نمونە لە دۆسیەی هەدەپەدا، منیش دادگایی دەکرێم و لە سیاسەتیش قەدەغە دەکرێم. بەڵام لە کاتی پاراستنی هاوبەش بۆ هەموان ئەنجامدرا، بەڵام پاراستن بۆ من نەکرا".

ڕۆژی سێشەممە باشاک دەمیرتاش بە ناوی هاوسەرەکەی و هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش بەشداری گردبونەوەکەی هەدەپە بو لە جولەمێرگ و پەیامەکەی دەمیرتاشی خوێندەوە، لەو پەیامەدا بانگەوازێک بۆ کاندیدە سەربەخۆکان کرا بۆ پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز.
هەوڵ دەدەین لە ژێر سەقفی پەرلەماندا کێشەی کورد چارەسەر بکەین
دەمیرتاش لە بانگەوازەکەدا دەڵێت، "هەوڵ دەدەین لە ژێر سەقفی پەرلەماندا کێشەی کورد چارەسەر بکەین، بۆ ئەمەش دەبێت پارتی چەپی سەوز بە بەهێزترین شێوە جێگەی خۆی لە پەرلەمان بگرێتەوە، کاتی ئەوە نییە کورسییەک یان پەرلەمانتارێک بەدەست بهێنێت، بانگەواز بۆ ئەو کەسانە دەکەم کە بە کاندیدکردنی سەربەخۆ هاتونەته‌ پێشەوە: ئێوە بەنرخن بۆ ئێمە، ئەوە مەکەن، وەرن کار بۆ پارتی چەپی سەوز بکەن".

جانان دڵخۆشی خۆی بە وتارەکەی دەمیرتاش دەربڕی و وتی "بانگهێشتکردنی دەمیرتاش بۆ من زۆر گرنگە، بەڵام دوای ئێستا ناتوانم بکشێمەوە، هێشتا کاندیدبونم زیان بە پارتی چەپی سەوز ناگەیەنێت، چونکە زۆرترین دەنگ بۆ من لە پارتی ئاکەپەوە دێت، دەڵێم ئەگەر لەسەدا 20ی زیانەکانم بۆ هەدەپە بێت، لەسەدا 70ی زیانەکانم بۆ ئاکەپەیە".
لە شاری جولەمێرگ سێ کورسی پەرلەمان هەیە، جانان هیوادارە خۆی یەکێکیان دەستبهێنێت
لە شاری جولەمێرگ سێ کورسی پەرلەمان هەیە، جانان هیوادارە خۆی یەکێکیان دەستبهێنێت و دوەکەی تریش سەر بە پارتی چەپی سەوز بن.

سەبارەت بە قسەکانی جانان لەسەر هەدەپە، لوقمان ئۆزدەمیر، هاوسەرۆکی ڕێکخستنی هەدەپەی جولەمێر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، تا ئێستا هیچ هەڵەیەک لەلایەن پارتەکەیانەوە بەرامبەر جانان نەکراوە.
ناوەندی حزبەکەمان و ئەحمەد تورک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە جانانەوە کرد
ئوزدەمیر وتی، "ناوەندی حزبەکەمان و ئەحمەد تورک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە جانانەوە کرد، بەڵام ئەو کشایەوە، لە پاش ئەوە ڕۆژەوە ئیتر ئەو لە کارنامەی ئێمەدا نییە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئەگەر تەنانەت یەک دەنگ لە حزبەکەمانەوە بۆ جانان بچێت، ئەوە دەبێتە زەرەر بۆ ئێمە، ڕەنگە بەهۆی یەک دەنگەوە ئەندام پەرلەمانێک لەدەست بدەین. پێویستە هاوڵاتیان دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن".

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018دا هەدەپە 70% و ئاکەپە 20%ی دەنگەکانی جولەمێرگی بەدەستهێنا.

نیشانەکردن

باکوری کوردستان