مه‌سرور بارزانی بۆ تیمی یه‌كێتی: ئه‌ركه‌كانتان جێبه‌جێ بكه‌ن، چیتر با هاوڵاتیان باجی دەوامنه‌كردتان نه‌ده‌ن

02:43 - 26/04/2023

29852جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و مه‌سرور بارزانی، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە "دەمانەوێت تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاوڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو لەبارەی ئەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کە لەلایەن ئەندامانی تیمەکە خرایەڕو.

 هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت پێویستە لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت
له‌ راگه‌یه‌ندراوی کۆبونەوەكه‌دا هاتوه‌، "مه‌سرور بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەردان و هەوڵەکانیان، دوپاتی کردەوە کە چەندین جار داوامان لە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردوە کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییان جێبەجێ بکەن، هەر کێشە و گرفتێکیش هەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژوەندی گشتی بێت، پێویستە لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت".
دەمانەوێت تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن
سەرۆک وەزیران باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئێمە دەمانەوێت تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاوڵاتییان باجی دەوام نەکردنیان بدەن".

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوە، باس لە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق کرا کە لەلایەن کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خرایەڕو، کە باسی لە ئەنجامی دوا سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ كرد بە مەبەستی کڕینەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە لەمبارەیەوە گفتوگۆ و هەوڵەکانیان بەردەوامە.
وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن
سەرۆک وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران رایگه‌یاند، "پێویستە هەمو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جوتیارانی کوردستان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە".

لە بڕگەی سێیەمدا، پڕۆژە یاسای (بەرکارکردن و هەموارکردنی یاسای ڕێکخستنی کاری دڵنیایی عێراقی ژمارە ( (10 ی ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان) لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕوی چەندین تێبینی و پێشنیار، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.
دامودەزگاکان هەمو ڕێکارێکی پێویست له پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان بگرنەبەر
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێکارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی تەقەکردن لەناو شاری هەولێر و دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران پێشکەشکرد، مه‌سرور بارزانی وتی، "دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە هەمو ڕێکارێکی پێویست له پێناو سەقامگیرکردنی ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان بگرنەبەر و بە هیچ شێوەیەک، نابێ چاوپۆشی لە بەرامبەر تاوانباران و سەرپێچیکاران بکرێت و دەبێت دیاردەی چەکهەڵگرتنی نایاسایی و چەکی بێ مۆڵەت سنوردار بکرێت و کۆتایی پێ بێت".

داواشی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و ترس و تۆقاندن، بەڵکو دەبێت ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە پاراستنی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بگێڕن.

پاشان سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، کورتەیەکی دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک (مانەنجایتس) لە نێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕو و دڵنیاییدا کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون کراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر و نەخۆشەکان چارەسەری پێویست وەردەگرن و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە.

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم