خهندان-
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" رایدەگەیەنێت، پاڵپشتی تەواوی ئۆکرانیا دەکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر روسیا و دەشڵێت، "ئۆکرانیا دەبێتە ئەندامی ناتۆ و سەرجەم وڵاتانیش لاریان لەوبارەیەوە نیە".
ینس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ئەمڕۆ هەینی بەرلە کۆبونەوەی گروپی پاڵپشتیکارانی ئۆکرانیا لە بنکەی ڕامشتاین لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "ئۆکرانیا لە داهاتودا دەبێتە ئەندامێکی ناتۆ، وڵاتانی ناتۆش ڕێککەوتون لەسەر ئەندامێتی ئەو وڵاتە".
ناتۆ تاوەکو سەرکەوتنی ئۆکرانیا بەسەر ڕوسیادا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی کیێڤ
سکرتێری گشتیی ناتۆ بەبێ ئەوەی وردەکاریەکان لەوبارەیەوە بخاتەڕو، ئاشکراشیکردوە، "ناتۆ تاوەکو سەرکەوتنی ئۆکرانیا بەسەر ڕوسیادا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی کیێڤ، هەروەها ناتۆ متمانەی بە ئۆکرانیا هەیە کە لەو شەڕەدا سەردەکەوێت".
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیارە بەشداری لە لوتکەی هاوپەیمانێتی پاڵپشتیکاری وڵاتەکەی لە لیتوانیا بکات
سکرتێری گشتی ناتۆ ئەوەشیخستەڕو، ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بڕیارە بەشداری لە لوتکەی هاوپەیمانێتی پاڵپشتیکاری وڵاتەکەی لە لیتوانیا بکات، بۆئەو مەبەستەش بەفەرمی بانگهێشتمان کردوە و دڵخۆشین بەقبوڵکردنی بانگهێشتنامەکە".
کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا لە مانگی (حوزەیران/7)ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.