حکومەتی هەرێم لەبڕیارێکی خۆی تایبەت بەموچەخۆران پەشیمان دەبێتەوە

09:37 - 18/04/2023

45953جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەگەرچی پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدابو، هیچ موچەخۆرێک کە موچەکەی لەسەروی 600-700 هەزار دینارەوە بێت رێگەی پێنادرێت، کاری شۆفێریی تاکسی بکات، بەڵام لەبڕیارێکی نوێدا رایدەگەیەنێت، "سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیش دەتوانن کاری شۆفێریی تاکسی بکەن".

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ کە واژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری لەسەرە و ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێڕەڤانی و فەرماندەی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ کراوە تێیدا هاتوە، رەزامەندی هەیە کارمەندانتان لەدوای دەوامی فەرمی کاری شۆفێریی تاکسی بکەن بەو مەرجەی کاری پێویست ئەنجامبدەن بە لێدانی لۆگۆ لە تاکسیەکانیان.

 هەرکەسێک تا 15ی (تەموز/7)ی ئەمساڵ تاکسیەکەی لۆگۆی لەسەرنەبێت و کاری تاکسی بکات، سزای دارایی دەدرێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرکەسێک تا 15ی (تەموز/7)ی ئەمساڵ تاکسیەکەی لۆگۆی لەسەرنەبێت و کاری تاکسی بکات، سزای دارایی دەدرێت و تاکسیەکەشی دەنێردرێت بۆ لێدانی لۆگۆ.

بەگوێرەی بڕیاری پێشتری حکومەتی هەرێم کە لەمانگی (ئازار/3)ی 2019 دەرچوە، بۆ پێدانی مۆڵەتی شۆفێری تایبەت بە ئۆتۆمبێلی تاکسی، هێزەکانی پێشمەرگەو پۆلیسی هاتوچۆ و سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئەو فەرمانبەرانەی لە پلەکانیان لەسەروی پلە حەوتەوەیە ناتوانن کاری تاکسی بکەن، بەجۆرێکی دیکە ئەو کەسانەی کە موچەکانیان لەسەروی 600-700 هەزار دینارەو بێت، مۆڵەتی شۆفێریان بۆئۆتۆمبێلی تاکسی پێنادرێت.

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم