هەواڵی ئەمڕۆ

سوید مانۆرێکی سەربازی گەورە بە بەشداری 14 وڵات ئەنجامدەدات

09:32 - 17/04/2023

2938جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سوید دەستپێکردنی گەورەترین مانۆڕی سەربازی لە ماوەی زیاتر لە چارەک سەدەیەکدا، بە بەشداریی 26 هەزار سەربازی 14 وڵات ڕاگەیاند، لە کاتێکدا هەوڵەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) هێشتا وەستاون.

هێزە چەکدارەکانی سوید لە ڕاگەیاندنی ئەو مانۆڕانەدا کە بڕیارە تا 11ی (ئایار/5)ی ئەمساڵ دەستپێبکات رایانگەیاندوە، "مانۆڕەکان لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە لە ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتدا بەڕێوەدەچن".

مانۆڕەکان لە باشور و باکوری سوید و دورگەی گرنگی ستراتیژی گۆتلاند بەڕێوەدەچن

مانۆڕەکان لە باشور و باکوری سوید و دورگەی گرنگی ستراتیژی گۆتلاند بەڕێوەدەچن، هەریەک لە وڵاتانی (ئەمریکا، بریتانیا، فینلاند، پۆڵندا، نەرویج، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، ئۆکرانیا، دانیمارک، نەمسا، ئەڵمانیا و فرەنسا) بەشداری تێدا دەکەن، مانۆڕەکان تیشک دەخەنە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی سوید بۆ بەئەندامبون لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ).

سوید و فینلاندی دراوسێی لە مانگی (ئایار/5)ی 2022 داواکارییان پێشکەش کرد بۆ پەیوەستبون بە ناتۆ

دوای دو سەدە بێلایەنی، سوید و فینلاندی دراوسێی لە مانگی (ئایار/5)ی 2022 داواکارییان پێشکەش کرد بۆ پەیوەستبون بە ناتۆ، بەڵام لەکاتێکدا فینلاند توانی لە مانگی نیساندا ببێتە 31ەمین ئەندامی ناتۆ، بەڵام هێشتا ئەو هەوڵەی سوید ڕوبەڕوی دژایەتی دەبێتەوە.

داواکاری ئەندامێتی نوێ دەبێت لەلایەن هەمو ئەندامانی هاوپەیمانییەوە پەسەند بکرێت، سوید هێشتا ڕوبەڕوی دژایەتی تورکیە و هەنگاریا دەبێتەوە

وڵاتی سکاندیناڤیایی لە دوای پەیوەستبونی بە پرۆگرامی هاوبەشی بۆ ئاشتی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ناتۆدا هەیە، بەڵام بەو پێیەی ئەندام نییە، ئەو گەرەنتییە ئەمنییانە ناگرێتەوە کە لە مادەی پێنجەمی جاڕنامەی هاوپەیمانیدا هاتوە کە پەیوەندییان بە بەرگریی بەکۆمەڵەوە هەیە.

نیشانەکردن

ناتۆ سويد