خهندان-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی ئێوارەخوانێکدا سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی ژمارەیەک لە کرێکارانی پاککەرەوەی شارەوانیەکانی بەغدا کرد و رایگەیاند، لەپێدانی یەکەی نیشتەجێبون و زەوی کرێکارانی پاککەرەوە لەریزی پێشەوە دەبن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازیکرد لە ژمارەیەک کرێکاری پاککەرەوە کە لە شارەوانییە جیاجیاکانی شاری بەغدا کاردەکەن و بۆ ئێوارەخوانی ئیفتار میوانداریکردن.
حکومەت کە دروشمی خزمەتگوزارییەکانی بەرزکردەوە، خەمی سەرەکی گرنگیدانە بەم چینەی کۆمەڵگە
لەوتارێکدا محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بە گرنگی ئەو ڕۆڵە گەورەیە کرد، کە پاککەرەوە و کرێکارانی ژینگەپارێز دەیگێڕن و وتی، "حکومەت کە دروشمی خزمەتگوزارییەکانی بەرزکردەوە، خەمی سەرەکی گرنگیدانە بەم چینەی کۆمەڵگە".
سەرۆک وەزیران گوێی لەکێشە و گرفتەکانی کرێکارانی پاککەرەوە گرت سەبارەت بە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان
سەرۆک وەزیران گوێی لەکێشە و گرفتەکانی کرێکارانی پاککەرەوە گرت سەبارەت بە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان، پرسیاری لەبارەی موچەکانیان و شێواز و کاتەکانی کارکردنیان و ئەو ئاستەنگانەی لێکردن کە روبەڕویان دەبێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لایەنی پەیوەندیداری راسپارد، بۆ تەواوکردنی هەمو لایەنە رێکارە کارگێڕییەکانی پەیوەست بە شایستەکانی کرێکارانی پاککەرەوە و ئەوەشیخستەڕو، پێویستە هەموان بزانن کە کرێکارانی پاککەرەوە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبون و پڕۆژەکانی دابەشکردنی زەوی لە ناوچە خزمەتگوزارییەکان لە پێشینەدان".
لە پەراوێزی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران سوپاسنامە و پێزانینی پێشکەش بە بە سەرجەم کرێکارانی ژینگەپارێز و پاککەرەوە لە سەرجەم وەزارەتەکانی دەوڵەتدا کرد، جگە لە پێدانی خەڵاتێکی نەختینەیی وەک سوپاسگوزاری و پێزانین بۆ کار و ئەدای کارەکانیان.