خهندان-
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو چەکانەین کە هاوپەیمانەکانمان بەڵێنیان پێداوین بۆئەوەی باشتر بتوانین روبەڕوی تیرۆری روسیا ببینەوە، "ئێمە تا لە سەرکەوتن نزیک دەبینەوە".
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتێلیگرام رایگەیاندوە، "ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی گرنگی سەربازیمان ئەنجامدا، تێیدا پێداچونەوە بە کارکردن فەرماندە ئەمنی و سەربازیەکان کرا، ئەوەی کە فەرماندەکانمان و هەواڵگری و دامودەزگاکانمان کردویانە، پێویست بون بۆ هێڵی پێشەوەی شەڕ و رەخساندنی کردەوەی چالاکانەی ئۆکرانیا، بەئامانجی پاراستنی دەوڵەتەکەمان لە تیرۆری ڕوسیا".
لەمەودوا هەنگاو و کردەوەکانمان بەهێزتر دەبن
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی دەشڵێت، "لەمەودوا هەنگاو و کردەوەکانمان بەهێزتر دەبن، لەئێستاشدا سەرقاڵی زیاتر ئامادەکردنی گەنجەکانی وڵاتەکەمانین، ئێمە زۆر بە هیوای گەیاندنی ئەو چەکانەین کە هاوبەشەکانمان بەڵێنی پێداوین تا باشتر بەرپەرچی تیرۆری روسیا ببینەوە".
یەکێتی خاکی وڵاتەکەمان تا ئەوپەڕی توانامان مسۆگەر دەکەین
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە تا لە سەرکەوتن نزیک دەبینەوە، یەکێتی خاکی وڵاتەکەمان تا ئەوپەڕی توانامان مسۆگەر دەکەین، کارایی و ئامادەکاری تا ئەوپەڕی توانامان دەکەین، بە دڵنیاییشەوە دوژمن لە وەڵامی هەر لێدانێک لە دژی ئۆکرانیەکان توشی زیان دەبێت".
سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاسی سەرجەم هێزە سەربازیەکانی وڵاتەکەی کردۆتەوە و ئەوەشیخستۆتەڕو، "شکۆمەندی بۆ هەمو ئەوانەی ئێستا شەڕ بۆ ئۆکرانیا دەکەن، سوپاسی هەمو ئەو کەسانە دەکەم کە کار بۆ بەرگری و سەرکەوتنمان دەکەن، سوپاس بۆ هەمو ئەوانەی هاوکارن".