سودانی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی لەگەڵ وەزیرێکی حکومەتی هەرێم بڵاوکردەوە

10:15 - 13/04/2023

21674جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازی لە عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم کرد و رایگەیاند، هەمو قوربانیانی ژێر دەستی دیکتاتۆری و قوربانیانی تیرۆر مافەکانیان بەدەستبهێنن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازیکرد لە عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی دیدارێکدا باسیان لەلایەنی جێبەجێکردن و یاساییەکانی پەیوەست بە مافی قوربانیانی دەستی دیکتاتۆری و تاوانەکانی ئەنفال کرد، هەروەها ڕێگاکانی تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی یاساکانی پەیوەست بە قەرەبوکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان تاوتوێکرا.

هەمو شتێک دابین بکەین کە ژیانێکی شایستەیان بۆ زامن دەکات
سەرۆک وەیزرانی عێراق، پەرۆشی حکومەتەکەی دوپاتکردەوە، بۆئەوەی هەمو قوربانیانی ژێر دەستی دیکتاتۆری و قوربانیانی تیرۆر مافەکانیان بەدەستبهێنن، "هەمو شتێک دابین بکەین کە ژیانێکی شایستەیان بۆ زامن دەکات، بەجۆرێک بەشێوازێکی دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەت و کۆمەڵگە هەست بە بەهای قوربانیدانەکانیان بکەن".
عەبدوڵا حاجی مەحمود، هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت و گرنگیدانی بە کەسوکاری شەهیدانی بەرز نرخاند
لای خۆیەوە عەبدوڵا حاجی مەحمود، هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت و گرنگیدانی بە کەسوکاری شەهیدانی بەرز نرخاند، بەتایبەت هەوڵەکانی ئەم دواییەی لەڕوی پتەوکردنی ڕێڕەوی کار و رێکەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی هەمو عێراقییەکان.