خهندان-
ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال تەرخانکردوە، گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانیش لە باکوری عێراقەوە پرسێکە کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان و نۆژەنکردنەوەی شەنگالەوە.
ئیڤان فایەق جابرۆ رایگەیاندوە، "نزیکەی 40 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی باکوری عێراقدا نیشتەجێن، لەسەرجەم پارێزگاکانی دیکەش هیچ کەمپێکی ئاوارەکان نەماوە جگە لە سەنتەری چاکسازیی دەرونی لە شاری موسڵ کە قۆناغێکی راگوزەرە بۆ هەر ئاوارەیەک کە لە کەمپی هۆڵی سوریاوە بگەڕێتەوە بۆئەوەی لە سەنتەرەکە پشکنین و وانە و راهێنان وەربگرێت، وەک ئامادەکارییەک تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی ڕەسەنی خۆی.
وەزارەت پەیوەست نیە بە خێمەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان
ڕونیشیکردەوە، وەزارەت پەیوەست نیە بە خێمەی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئێمە وەکو دەزگایەکی پاڵپشتی کاردەکەین، بەو پێیەی کەرەستەی فریاگوزاری و هاوکارییان بۆ دابیندەکەین.
کەمپەکانی ئاوارەکان لە ناوچەی بزێبر بە هەڕەمەکین و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی ڕابردون
بە ئاماژەدان بەوەی بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکانی باکوری عێراق بابەتی هەرێمی کوردستانە و هاوکات پەیوەستە بە نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شەنگالەوە و ئاشکراشیکرد، "کەمپەکانی ئاوارەکان لە ناوچەی بزێبر بە هەڕەمەکین و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی ڕابردون، بەو پێیەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران توشی سەرسوڕمان بو لە بونی گردبونەوەی خێزانە ئاوارەکان، لەکاتێکدا باقی کەمپەکان هەمویان لە باکوری عێراقن".
ئەوەشی خستۆتەڕو، "محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە بە تەرخانکردنی بڕی 50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستیەکان بۆیان".