خهندان-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیاوە پێگەیشت و لەو پەیوەندیەدا گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردو وڵات کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە رێگەی تەلەفۆنەوە، پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدان و فراوانکردنیان بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات تاوتوێکردوە.
سودانی جەختی لە گرنگی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە لە ئۆکرانیا کردەوە
لەمیانی پەیوەندیەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە لە ئۆکرانیا، بەجۆرێک دیالۆگ وەک ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە بگیرێتەبەر، کە کارەساتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، "عێراق وڵاتێکی سەرەکی و گرنگە، هەروەها حەز دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە هەمو بوارەکاندا لەسەر بنەمای ئەو گرنگییە پەرەپێبدات".