کۆمیسیۆنی ئەوروپا هۆشداریدەداتە چین

07:00 - 06/04/2023

2936جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەردانێکیدا بۆ پەکین، حکومەتی چینی لە ناردنی چەک بۆ ڕوسیا بەمەبەستی یارمەتیدانی ڕوسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا ئاگادارکردەوە و رایگەیاند، "ئەمە زیانێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان برۆکسل و پەکین دەگەیەنێت".

ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکین ڕایگەیاند، "ئێمە حساب بۆ چین دەکەین کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کەرەستەی سەربازی نەنێرێت بۆ ڕوسیا، چونکە هەمومان دەزانین چەکدارکردنی دەستدرێژکار پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت و زیانێکی زۆر بە پەیوەندییەکەمان دەگەیەنێت".

ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین پێشوازی لەو هەڵوێستە ئەرێنییە کرد کە شی جینپینگ سەرۆکی چین لە میانی کۆبونەوەی لوتکەیاندا گرتویەتیەبەر

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرپرسە ئەوروپییە پێشوازی لەو هەڵوێستە ئەرێنییە کرد کە شی جینپینگ سەرۆکی چین لە میانی کۆبونەوەی لوتکەیاندا گرتویەتیەبەر کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنساش بەشداریی تێدا کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پەیوەندیکردن بە ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی هاوتا ئۆکراینییەکەیەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ململانێکان لەڕێگەی گفتوگۆوە. 

سەرنجڕاکێشە گوێبیستی ئەوە بین کە سەرۆک شی خواستی خۆی بۆ قسەکردن لەگەڵ زلێنسکی دوبارە دەکاتەوە

ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین ئاماژەی بەوەشکردوە، "سەرنجڕاکێشە گوێبیستی ئەوە بین کە سەرۆک شی خواستی خۆی بۆ قسەکردن لەگەڵ زلێنسکی دوبارە دەکاتەوە، لەکاتێکدا کات و بارودۆخەکە گونجاوە، پێموایە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە".

نیشانەکردن

ئەوروپا چین