ماکرۆن به‌ سه‌ردانێكی سێ رۆژه‌ گه‌یشته‌ چین: په‌كین ده‌توانێت شه‌ڕی ئۆكرانیا بوه‌ستێنێت

01:37 - 05/04/2023

4258جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا ئه‌مڕۆ چوارشەممە به‌ سه‌ردانێكی سێ رۆژه‌ گه‌یشته‌ چین و داوای لە چین کرد رۆڵ بگێڕێت لە راگرتنی شەڕی ئۆکرانیا و گەیشتن بە ئاشتی، هەروەها داوای گفتوگۆی رۆژئاوا و چینی کرد.

ماکرۆن بە یاوەری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە پەکینی پایتەختی چین، لە یەکەم گەشتیدا بۆ ئەم وڵاتە لە ساڵی 2019ەوە، پاشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی فڕەنسا کۆدەبێتەوە.

ماکرۆن سبه‌ی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی وتوێژ دەکات
ماکرۆن سبه‌ی پێنجشەممە لەگەڵ شی جینپینگ هاوتا چینییەکەی وتوێژ دەکات و له‌ بەشێکی كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەشداری دەکات، رۆژی هەینیش دەچێتە باشووری چین.
 پەکین دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە وەستاندنی شەڕی ئۆکرانیا
به‌گوێره‌ی تۆڕی هه‌واڵی سكای نیوز، ئیمانوێل ماکرۆن له‌ لێدوانێكدا جەختی لەوەکردەوە کە پەکین دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە وەستاندنی شەڕی ئۆکرانیا و گەیشتن بە ئاشتی بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ روسیا.
جیهان پێویستی بە گفتوگۆیەکی قوڵ هەیە لەنێوان رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا
ئاماژەی بەوەشکرد، جیهان پێویستی بە گفتوگۆیەکی قوڵ هەیە لەنێوان رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەروەها وڵاتەکەی پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەگەڵ چین سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەکان.

ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوەکردەوە، کە گفتوگۆ لەگەڵ چین پێویستە و ئاماژەی بەوەدا کە "ناکرێت مۆسکۆ بە تەنیا جێبهێڵرێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەکین"، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی قوڵکردنەوەی گفتوگۆی نێوان رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کرد.
پاریس دەیەوێت ئاڵوگۆڕ و دیالۆگ لە هەمو ئاستەکاندا لەگەڵ چین ده‌ستپێبكات
پاریس دەیەوێت ئاڵوگۆڕ و دیالۆگ لە هەمو ئاستەکاندا لەگەڵ چین ده‌ستپێبكات، دوای پچڕانێک کە بە تایبەتی بەهۆی ئەو سنوردارکردنە زۆر توندانەی پەکین لە چوارچێوەی بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆڤید-19دا سەپێنرا.
ماكرۆن ده‌ڵێت، چین دەتوانێت بە شێوەیەکی ریشەیی كاربكات بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی له‌ ئۆكرانیا بهێنێته‌ كایه‌وه‌
له‌ گفتوگۆ سیاسییەکانی ئه‌م چه‌نده‌ رۆژه‌ باس لە شەڕی ئۆکرانیا ده‌كرێت، کە ماكرۆن ده‌ڵێت، چین دەتوانێت بە شێوەیەکی ریشەیی كاربكات بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی له‌ ئۆكرانیا بهێنێته‌ كایه‌وه‌.

پێش ئەوەی بەرەو چین بڕوات، سەرۆکی فڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆو بایدن هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنجامدا، لەو پەیوەندییەدا هیوای خۆیان دەربڕی کە چین لەگەڵ ئه‌واندا بەشداری هەوڵە هاوبەشەکان بکات بۆ خێراکردنی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و دامەزراندنی ئاشتییەکی بەردەوام.

نیشانەکردن

چین فڕه‌نسا