دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ کۆمیسیاران دەکرێتەوە

06:14 - 30/03/2023

1607جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

لیژنەی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ ماوەی هەفتەیەک دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و ئەو وادەیەش لە 5ی (نیسان/4) دەستپێدەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان، کە ڕۆژی چوارشەممە 15ی (ئازار/3)ی 2023 لە دانیشتنی ژمارە 2ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی پێنجەم لە ‌خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهێنرا، یەکەم کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

بڕیاریدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە ڕۆژی 5ی (نیسان/4) تاوەکو 12ی هەمان مانگ بکاتەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە کۆبونەوەکەدا لیژنەی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بڕیاریدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە ڕۆژی 5ی (نیسان/4) تاوەکو 12ی هەمان مانگ بکاتەوە".

 پەرلەمان لیژنەیەکی پێنج کەسیی پێکهێنا بەمەبەستی پاڵاوتنی کۆمیسیاران بۆ ئەنجومەنی کۆمیسیاران

لەکۆبونەوەی 15ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی خاڵی یەکەم لە ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014 و بڕگەی یەکەم لە ماددەی 43 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان لیژنەیەکی پێنج کەسیی پێکهێنا بەمەبەستی پاڵاوتنی کۆمیسیاران بۆ ئەنجومەنی کۆمیسیاران.

لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان هەر یەک لە د. بژار کۆچەر وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، عەباس فەتاح ساڵح  وەک نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵێن ئیسماعیل وەک نوێنەری فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕوبینە ئوملیک عەزیز وەک نوێنەری هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی و سەرجەم فراکسیۆنەکانی کلدوئاشورییەکان، سارا دڵشاد چاوشلی نوێنەری فراکسیۆنە تورکمانییەکان، لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکانیانەوە بۆ ئەم لیژنە تایبەتمەندە دەستنیشان کران و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە خرانە دەنگدانەوە و پەسەندکران.