خاڵە ناکۆک و جیاوازەکانی دانوستانی هەولێر و بەغدا ئاشکرادەکرێن

06:01 - 30/03/2023

8808جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشکرادەکات  و دەشڵێت، "ئاستی داواکاریەکانی بەغدا بۆ هەرێم لەدوای بڕیارەکەی دادگای پاریس بەرزبۆتەوە، هەردولاش کۆکن لەسەر پێویستی هەناردەکردنەوەی نەوت، هەروەک جیاوازن لەسەر میکانیزمی ناردنەکە و فرۆشتنەکەی".

دلێر عەبدولخالق ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "بە گوێرەی بەدواداچونەکانم، گفتوگۆی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، دوابەدوای ئاشکراکردنی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس،  دەستیانپێکردوە و لەسەر چەند خاڵێکیش لێکتێگەیشتن هەیە".

 

خاڵە گرنگەکانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا:

 

یەکەم:

لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە عێراق و هەرێمی کوردستان 500 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە دەکەن، لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل هی هەرێمی کوردستان و 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکە.

دوەم:

پێویستە لە نزیکترین کاتدا، پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەو نەوتە لەڕێگەی بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە، ئەمەش چەند بە نیسبەت هەرێمەوە پێویستە، ئەوەندەش بە نیسبەت حکومەتی فیدڕاڵیەوە.

سێیەم:

وەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پڕۆژەی بودجەی ئیتحادی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاشکراشە بەهای ئەو 500 هەزار بەرمیلە بەشێکە لە پڕۆژەی بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024، 2025)، بێ ئەو پرۆسەیە بودجەی گشتی دوچاری کورتهێنان دەبێت.

چوارەم:

هەردولا پێش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لەسەر میکانیزمی بەیەکەوە ئیدارەدانی نەوتی هەرێم ڕێککەوتبون، بەڵام دوای بڕیارەکە، ئاستی داواکاری حکومەتی فیدڕاڵی بەرزبووەتەوە.

 

داواکاریە نوێیەکانی بەغدا لەسەر هەرێم:

 

یەکەم:

فرۆشتنی نەوت بچێتەوە ژێر دەستی کۆمپانیای سۆمۆ.

دوەم:

لەبری دەستەواژەی (ئیدارەدان»، وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی (سەرپەرشتی) پڕۆسەکە بکات.

سێیەم:

حکومەتی ئیتحادی بەرپرسیارێتی قەرزی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ ناگرێت، کە بە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن

چوارەم:

جێگرێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم لە پشکی حکومەتی ئیتحادی بێت.

پێنجەم:

پێویستە نەوتەکە هەناردە بکرێت و وەزارەتی نەوت میکانیزمی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە هەیە.

 

شاندی هەرێم، پێداگیربون لەسەر ئەم خاڵانە:

 

یەکەم:

بەهاوبەشی ئیدارە، نەک سەرپەرشتی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکرێت.

دوەم:

وەک لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت هاتوە، پارەی نەوت لە حسابێکی بانکی لەژێر چاودێری و وردبینی حکومەتی ئیتحادی دابندرێت و تەنها حکومەتی هەرێم مافی خەرجکردنی هەبێت.

سێیەم:

جێگرێک بۆ بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە پشکی هەرێمی کوردستان دابندرێت.

چوارەم:

پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک مافەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەدانی کەرتی وزە تێدا جێگیربکرێت، تائەوکاتەش هەردو حکومەت بەهاوبەشی ئیدارەی نەوتی هەرێم بدەن.

دلێر عەبدولخالق دەشڵێت، "دەرئەنجامی گەڕی ئەم گفتوگۆیانە؛ هەردولا کۆکن لەسەر پێویستی هەناردەکردنەوە، هەروەک هەردولا جیاوازن لەسەر میکانیزمی ناردنەکە و ئالیەتی فرۆشتنی".