ئەو بڕە پارەیە ئاشکرادەکرێت کە هەرێم پێشوەخت لە کۆمپانیاکانی نەوت وەریگرتوە

05:51 - 30/03/2023

8301جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوەختە بڕی شەش ملیار دۆلاری لە ژمارەیەک کۆمپانیای بواری نەوت وەرگرتوە، تاوەکو ئێستاش قەرزەکان نەدراونەتەوە، راگرتنی نەوتیش پرۆسەی دانەوەی ئەو قەرزانە دوادەخات.

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری ژمارەیەک سەرچاوەی بازرگانیەوە بڵاویکردەوە،  راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوەتەوە هۆی ئەوەی نەتوانێت بە دابینکردنی نەوتی خاو قەرزی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بداتەوە کە بڕەکەی شەش ملیار دۆلارە.

هیچ پلانێکی رون و ئاشکرا لە ئارادا نیە تاوەکو هەرێمی کوردستان بتوانێت قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بداتەوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، تاوەکو ئێستا بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە،  هیچ پلانێکی رون و ئاشکرا لە ئارادا نیە تاوەکو هەرێمی کوردستان بتوانێت قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بداتەوە کە پێشتر کاری دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان کردوە.
دانەوەی قەرزی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ڤیتۆڵی هۆڵندی و بیتراکۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەئێستادا راگیراوە
دانەوەی قەرزی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ڤیتۆڵی هۆڵندی و بیتراکۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەئێستادا راگیراوە، بەهۆی ئەو فشارەی کە لەئەنجامی راگرتنی نەوت لەسەری دروستبوە، بڕی قەرزی ئەو دو کۆمپانیایەش بە 750-800 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت کە پێشوەختی کارکردن لە کێڵگە نەوتیەکان داویانە بەحکومەتی هەرێم.

پێش راگرتنی هەناردەی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ تورکیا که‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ بڕیاری لێدرا، هه‌رێم رۆژانە زیاتر له‌ 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ ده‌کرد، به‌ڵام به‌هۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نارده‌کردن به‌ته‌واوی راگیرا و بوه‌ سفر به‌رمیل.