خەندان-
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایدەگەیەنێت، ئەو نوسراوەی لەلایەن وەزیری دادی عێراقەوە سەبارەت بە دیارنەبونی بکوژی هيشام هاشمی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق زۆر راستە، دەشڵێت، "بکوژەکە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازیە".
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی، لەبارەی شوێنی بکوژەکەی هيشام هاشمی، توێژەری دیاری بواری ئاسایش و سیاسەت لە عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەریRT روسی ئاشکرایکرد، ئەو نوسراوەی لەلایەن وەزیری دادی عێراقەوە سەبارەت بە دیارنەبونی بکوژی هاشمی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق زۆر راستە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نادات شاراوە بێت.
بکوژەکەی هاشمی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازیە و راینەکردوە
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بکوژەکەی هاشمی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازیە، لە یەکێک لە زیندانەکانی ئەو شوێنەیە و راینەکردوە.
بکوژەکە ناگوازرێتەوە بۆ زیندانەکانی وەزارەتی داد، ئەگەر دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدات
ئەوەشی خستۆتەڕو، بکوژەکە ناگوازرێتەوە بۆ زیندانەکانی وەزارەتی داد، ئەگەر بڕیاری کۆتایی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە دەرنەچێت.
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و میدیاكانی عێراق نوسراوی وەزارەتی دادی عێراقیان بڵاوکردەوە، کە نوسراوەکە وەڵامێک بو بۆ داوایەکی ئەندامێکی پەرلەمان بۆئەوەی بکوژەکەی توێژەری سیاسی هیشام هاشمی لە زیندانەکانی وەزارەتدا نییە.
دوای ئەوەی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە نوسراوێکدا رایگەیاند، بکوژی هیشام هاشمی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق نییە، توڕەبونی عێراقیەكانی لێكەوتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2020 هیشام هاشمی، شارەزای بواری ئەمنی عێراقی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە قەزای زەیونە لە رۆژهەڵاتی بەغدا تیرۆر کرا، یەکێک بو لە توێژەرە دیارەکانی بواری ئاسایش و سیاسەت لە عێراقدا.