خهندان-
پارتی چەپی سەوز لە هۆتێلێکی ئەنقەرەی پایتهخت بەیاننامەی هەڵبژاردنی خۆی خوێندەوە و دروشمەکانی بۆ هەڵبژاردن بڵاوکردەوە، دروشمهكانی بە زمانی کوردی و کوردی و تورکی نمایشکرد کە لەسەری نوسرابو، "ئێمە لێرەین، پێکەوە دەیگۆڕین".
له كۆنگرهكهدا ههریهكه له هاوسەرۆکانی پارتی چەپی سەوز چیگدەم کیلیچگون ئوسار و ئیبراهیم ئاکین و هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (حدکا) ئەسێنگول دەمیر، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان پارتی (هەدەپە) پهروین بوڵدان و میتحەت سانجار، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) و بەشێکی زۆر لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنوسان بەشداربون.
تورکیا لەو تاریکییەى تێکەوتوە دەردەهێنین
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە لەوتەیەکدا رایگەیاند، "ئیمە، تورکیا لەو تاریکییەى تێکەوتوە دەردەهێنین، سەردەکەوین و پێویستە هەر کەسێک باوەڕی بە هەوڵەکانى خۆی هەبێت، هاتوین بۆ سەرکەوتن، لەڕێی ژنان و گەنجان و گەلانى تورکیاوە دێین و سەرکەوتن تۆمار دەکەین".
دێین هەمو شتێک دەگۆڕین و دەستکەوتى خۆمان گەورەتر و فراوانتر دەکەین
ئاماژهی بهوهشكرد، "دێین هەمو شتێک دەگۆڕین و دەستکەوتى خۆمان گەورەتر و فراوانتر دەکەین، خەتى سێیەمین لە رێگەى پارتى چەپی سەوز خۆی دهردەخات، زمانى شەڕ بە نەفرت دەکەین و زمانى ئاشتى پێش دەخەین".
هاوكات لە مەراسیمەکەدا پەیامی فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکانی پێشوتری هەدەپە، سێبەهات تونجەل، ئایلا ئاکات عەتا، سەلچوک میزراکلی، ئیدریس باڵوکێن، گوڵتان کیشاناک و گونەی کوبیلای خوێندرایەوە.
پارتی چەپی سەوزی تورکیا ساڵی 2012 دامەزراوە و هاوشێوەی هەدەپە، بەسیستمی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەدەبرێت
پارتی چەپی سەوزی تورکیا ساڵی 2012 دامەزراوە و هاوشێوەی هەدەپە، بەسیستمی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەدەبرێت و لەئێستاشدا بەشێکە لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە بەسەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی گەلان پێکهێنراوە، چاوەڕێش دەکرێت لە ئەگەری داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە، کاندیدانی هەدەپە لەرێگەی ئەو حزبەوە بچنە هەڵبژاردنەوە.
هەدەپە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچو 11.7%ـی دەنگەکانی بردەوە
هەدەپە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچو 11.7%ـی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان 67 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام متمانە لە سێ پەرلەمانتاری بە ناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵار وەرگیراوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە فراکسیۆنەکە دەرچون، ئێستا خاوەن 56 کورسییە.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە سێیەمین گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە لە حوزەیرانی 2021ـەوە لە دادگا دۆسیەی داخستنی لەسەر تۆمارکراوە.