خەندان-
وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، بکوژی هیشام هاشمی لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق نییە، توێژەرێکی یاسایش دەڵێت، مەرج نییە نوسراوەکەی وەزیری داد بەومانایە بێت تۆمەتبارەکە هەڵاتبێت، بەڵکو لەناو بەشی چاکسازی عێراقدا ئامادە نییە.
هەرچەندە بکوژەکەی هیشام هاشمی لە 15ی تەمموزی 2021، نزیکەی ساڵێک دوای تاوانەکە دەستگیرکرا، بەڵام له ئێستادا جارێكی دیكه دۆسیهكهی هاتوهتە ئاراوە، لە نوسراوێکیشدا کە لە لەلایەن خالید شوانی، وەزیری دادی عێراقەوە ئاڕاستەی نوسینگەی نوێنەری نەدا کریتی کراوە، تێیدا هاتوە، ئەو کەسەی بەناوی "ئەحمەد کینانی" تۆمەتبارە بە کوشتنی هاشمی، لە زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی عێراق نییە.
عێراقییەکان دەپرسن کوا بکوژی هاشمی؟، بەتایبەتی کە هێشتا نهێنی شاراوە هەیە لەو تاوانەدا
دوای ئەوەی وێنەی نوسراوەکە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە
بڵاوبوەوە، عێراقییەکانی توڕەکرد، یەکێک لەو پرسیارەی عێراقییەکان دەربارەی چارەنوسی بکوژەکە دەیانکرد دەیانوت، "کوا بکوژی هاشمی"، بەتایبەتی کە هێشتا نهێنی شاراوە هەیە لەو تاوانەدا.
دانانی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بەو تاوانە، دەکەوێتە سەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە
لەوبارەیەوە ئەمیر دامی، توێژەری یاسایی عێراقی لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس رونیکردەوە، دانانی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بەو تاوانە، دەکەوێتە سەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبار لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسیار دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، تەنها لەوکاتەدا نەبێت کە دادوەری لێکۆڵینەوە داوابکات تۆمەتبار رەوانەی دەستەی چاکسازی عێراقی سەر بە وەزارەتی داد بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوکاتەی کە تاوانبار زۆر مەترسیدار بێت، ئەوا لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە دەردەچێت بۆ رێگریکردن لە قاچاغچێتی و تیرۆرکردن دەگوازرێتەوە لای دەسەڵاتی دیکە.
بکوژەکەی هاشمی لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەیە کە لێکۆڵینەوەکەی بەسەریدا سەپاندوە و نەگوازراوەتەوە بۆ بەشی چاکسازی
رونیشیکردەوە، بکوژەکەی هاشمی بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی راگەیەندراوە، لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەیە کە لێکۆڵینەوەکەی بەسەریدا سەپاندوە و نەگوازراوەتەوە بۆ بەشی چاکسازی عێراق، هەربۆیە مەرج نییە نوسراوەکەی "وەزیری داد" بەو مانایە بێت تۆمەتبارەکە هەڵاتوە، بەڵکو لەناو بەشی چاکسازی عێراقدا ئامادە نییە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2020 هیشام هاشمی لە رۆژهەڵاتی بەغدا تیرۆرکرا
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2020 هیشام هاشمی، شارەزای بەناوبانگی عێراقی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە قەزای زەیونە لە رۆژهەڵاتی بەغدا تیرۆر کرا.
دادگاییکردنی بکوژەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە
دادگاییکردنی بکوژەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە 15ی تەمموزی 2021 کەسێکیان دەستگیرکرد بە ناوی "ئەحمەد حەمداوی عەواید کینانی" كه ئەفسەری پۆلیسە و پلەی نەقیبی یەکەمی هەیە لەگەڵ گروپێکی 4 کەسی کە تاوانەکەیان ئەنجامدابو.
هەروەها نزیکەی 6 جار دادگاییکردنەکە دواخراوه، هاوکات دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە دانی بە کوشتنی هاشمیدا ناوە، هاوکات لە تۆمارێکی پەخشی تەلەفزیۆنیدا دانی بەوەدانا کە بە دەمانچەی حکومەتهوە چوار بۆ پێنج فیشەکی ئاڕاستەی هاشمی کردوە.
دەسەڵاتدارانی عێراق لایەنی پشت تیرۆرکردنەکەیان رانەگەیاندوە
لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی عێراق لایەنی پشت تیرۆرکردنەکەیان رانەگەیاندوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردوە کە "کینانی" سەر بە حزبێکی دەرەوەی یاسا بوە.
کوشتنی هاشمی 47 ساڵان لە کامێراکانی چاودێریەوە دەرکەوتوە، کاتێک تەقەی لێکراوە، تەنانەت ئەوکاتەی هاشمی کوژرا ترس لای چالاکوانانی عێراقی دروستبو، هاوکات بوە جێگای سەرسوڕمان بۆ عێراقییەکان، بەتایبەتی هاشمی نزیکەی کاتژمێرێک پێش تیرۆرکردنی له هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێکی کردبو، تیایدا باسی له دۆخی عێراق کردبو.
هاشمی بە یەکێک لە توێژەرە دیارەکانی بواری ئاسایش و سیاسەت دادهنرا لە عێراقدا، هەروەها شارەزای بواری ئەمنی بو و لەلایەن میدیا عەرەبی و بیانی و ژمارەیەک لە زانکۆ و خانەی توێژینەوە لە جیهاندا باوەڕپێکراوبوە.