بانکی ناوەندی چوار رێوشوێنی بۆ بەهێزكردنی دیناری عێراقی راگه‌یاند

01:40 - 30/03/2023

6883جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ چوار رێوشوێنی بۆ پاڵپشتیکردنی بەهێزی دیناری عێراقی دەستنیشانکرد و رایگه‌یاند، پاکێجەکان زۆرینەی داواکارییەکانی بازاڕیان بەدیهێناوە و بەشدارییان لە دابەزینی نرخی دۆلاردا کردوە.

محەمەد یونس، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "بانکی ناوەندی کۆمەڵێک پاکێجی بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی بەهێزی دیناری عێراقی و هەروەها بۆ پێشخستنی گواستنەوەی دەرەکی و دارایی بازرگانی و خوێندن و شتی تر دەستنیشانکردوه‌".

لە ئەنجامی ئەو پاکێجانەی راگەیەندراون  نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەستی بە دابەزین کردوە
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو پاکێجانەی کە زۆرینەی داواکارییەکانی بازاڕی عێراقیان جێبەجێکردوە، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەستی بە دابەزین کرد، ئەوەش هۆکاربوە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕ.
قەبارەی زۆری خواستەکەی بۆ دۆلار وادەکات هەندێکجار به‌های دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبێت
ئه‌و به‌رپرسه‌ی بانكی ناوه‌ندی وتیشی، "عێراق هاوردەکاری هەمو شتێکە، هەربۆیە قەبارەی زۆری خواستەکەی بۆ دۆلار وادەکات هەندێکجار به‌های دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبێت، به‌ڵام بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی دەکرێت بە رێکارەکانی بانکی ناوەندی".
پێویستە هەمو هەوڵێک بدرێت بۆ پشتگیریکردن لە بەرزبونەوەی نرخی دینار
رونیشیكرده‌وه‌، پێویستە هەمو هەوڵێک بدرێت بۆ پشتگیریکردن لە بەرزبونەوەی نرخی دینار لەڕێگەی گرتنەبەری ئەو رێکارانەی کە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی کارەکانی هاوردەکردن و کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان دەگیرێتەبەر، له‌ ئێستادا زۆربەی بازاڕەکان دەستیان بە مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی کردوە و ئەمەش هۆکار دەبێت لە پشتگیریکردنی دابەزاندنی نرخی دینار.

محەمەد یونس ده‌شڵێت، "هەندێک لە وەزارەتەکان ڕوبەڕوی کێشەیەک بونەتەوە، لەبەرئەوەی گرێبەستەکانیان بە دۆلارە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران و بانکی ناوەندی دەستیانکردوە بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە".