پەرلەمانتارێک: دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن رەتدەکرێتەوە

12:24 - 30/03/2023

2260جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بڕیار رشید، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هێنانی هێزی ئەمنی بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و رێگریکردن لە پەرلەمانتاران ئەگەری زۆرەوە دانیشتنی 26ی ئازاری 2023 لە بارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن رەتبکرێتەوە. 
 
د. بڕیار ڕشید ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بە خەندان-ی راگەیاند، یەکێک لەو بڕگانەی کە ساڵی 2016 دانیشتنی پەرلەمان دوای مانگێک بە بڕیاری دادگای فیدراڵی رەتکرایەوە، کە هۆکارەکەی بریتی بو لە هێنانی هێزی ئەمنی بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و رێگریکردن لە پەرلەمانتارانی دیکە لە دەربڕینی رای خۆیان، دواتر رێگریکردن لە هاتنە ژورەوەیان.

بە ئەگەری زۆرەوە دانیشتنی 26ی ئازاری 2023 لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن رەتده‌کرێتەوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بە ئەگەری زۆرەوە دانیشتنی 26ی ئازاری 2023 لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن رەتده‌کرێتەوە لەبەرهێنانی هێز بۆ ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق.
پرۆژە یاسای بودجە رەنگە جارێ بە ئاسانی تێپەڕنەبێت 

له‌باره‌ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ده‌ڵێت، "بابەتی پرۆژە یاسای بودجە رەنگە جارێ بە ئاسانی تێپەڕنەبێت بەهۆی ئەوەی پرۆژە یاساکە بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 لەخۆدەگرێت و کەمێک قورسە بەمزوانە قسەی لەسەر بکرێت".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، کورتهێنان له‌ بودجەکە زۆرە و تا ئێستاش کاتی دانیشتنی پەرلەمان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دیارینەکراوە.

به‌ره‌به‌یانی 26ی ئه‌م مانگه‌، په‌رله‌مانی عێراق سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی و ره‌خنه‌كان یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌مواركرده‌وه‌، كه‌ تیایدا رۆژی تشرینى دوەمى 2023ـى بۆ به‌ڕێوه‌چونی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دیاریكردوه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ته‌واوی پارێزگه‌كانی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.