خهندان-
بەحرەین رەتیکردەوە بڕیاری بانگهێشتکردنی بەرپرسی کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە شانشینهكه پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی ئێستای بواری گواستنەوەی نێوان هەردو وڵاتەوە هەبێت، هەروەها دوپاتیکردەوە کە دیپلۆماتکارە عێراقییەکە "پێشێلکاریی دوبارەی" ئەنجامداوە.
محەمەد ئەلعەباسی، وتەبێژی فەرمیی ناوەندی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی حکومەتی بەحرەین، رایگەیاندوە، بانگهێشتکردنی بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق بۆ وەزارەتی دەرەوە و رادەستکردنی یاداشتێکی ناڕەزایی فەرمیی بەحرەین بە پشتبەستن بە پێشێلکارییە دوبارەکانی لە نۆرمەکانی دیپلۆماسی وڵاتهكهیهدا.
ئەو دیپلۆماتکارە عێراقییەی تۆمەتبار کرد بە دەستوەردان لە کاروباری سیاسی ناوخۆی بەحرەین
ئەلعەباسی، ئەو دیپلۆماتکارە عێراقییەی تۆمەتبار کرد بە دەستوەردان لە کاروباری سیاسی ناوخۆی بەحرەین، ئەوەش "پێچەوانەی ئەرکە دیپلۆماسیەکەیهتی لە شانشینی بەحرەین".
بڕیارەکە پەیوەندی بە ڕێکخستنە بازرگانییەکانی بواری گواستنەوەی نێوان هەردو وڵاتەوە نییە
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە "بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ڕێکخستنە بازرگانییەکانی بواری گواستنەوەی نێوان هەردو وڵاتەوە نییە"، جەختیشیکردەوە "دەستوەردان لە کاروباری سیاسی ناوخۆی شانشینی یەکگرتوی بەحرەین پێچەوانەی بنەماکانی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکانە، کە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان ڕێکدەخەن".
موئەیەد عومەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی کاروباری عێراق لە مەنامە، سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ چاوی بە محەمەد پامر ئەلکەعبی وەزیری گواستنەوەی بەحرەین کەوت، دیپلۆماتکارە عێراقییەکە چەند ڕۆژێک پێش بانگهێشتکردنەکە لەگەڵ جێگری سکرتێریش کۆبوەوە، ئەو کۆبونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندابو بۆ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردو وڵات دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا ڕاگیرابون.
28ی ئەم مانگە بەحرەین، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە مەنامە بانگهێشت کرد
بەپێی ئاژانسی هەواڵی بەحرەین، 28ی ئهم مانگه، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، موئهیهد عومەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە مەنامە بانگهێشت کردوە و لە نیگهرانی و ناڕەزایی قوڵی خۆی لە پێشێلکردنی دوبارەی نۆرمەکانی دیپلۆماسی ئاگادار کردوەتەوە.
سهركۆنهی ئەو کارەی دیپلۆماتکارەکەی کرد بە "ڕەفتاری قبوڵنەکراو" ناویبرد
بەحرەین بەتوندی سهركۆنهی ئەو کارەی دیپلۆماتکارەکەی کرد و بە "ڕەفتاری قبوڵنەکراو" لە لایەن دیپلۆماتکارە عێراقییەکە ناویبرد، کە "پێچەوانەی پرۆتۆکۆڵە دیپلۆماسییەکانە لە شانشینی بەحرەین و دژایەتی ئەرکە دیپلۆماسییەکانی دەکات وەک دەستوەردانێکی قبوڵنەکراو لە کاروباری ناوخۆی شانشینی بەحرەین".
لە بەرامبەردا عێراق گەڕانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراقی لە بەحرەین بۆ بەغدا راگەیاند
بەحرەین لە بەیاننامەی یەکەمدا هیچ وردەکارییەکی دیکەی زیاد نەکردوە، لە بەرامبەردا عێراق گەڕانەوەی بەرپرسی کاروباری عێراقی لە بەحرەین بۆ بەغدا راگەیاند.
ئەم ڕێوشوێنە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی دیپلۆماسی عێراقه
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "ئەم ڕێوشوێنە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی دیپلۆماسی عێراقه، کە وەزارەتەکە لە پاراستنی بنهماكانی دیپلۆماسی پەیڕەوی لێدەکات".
دوێنێ چوارشەممە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدوللـەتیف ئەلزەیانی هاوتا بەحرەینییەکەی ئهنجامدا، دوپاتیکردوەتەوە، "عێراق گرنگییەکی زۆر بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لەگەڵ شانشینی بەحرەین دەدات".
عێراق کار بۆ باشترکردنی شێوازەکانی هاریکاری دەکات بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردو وڵات بەدیبهێنێت
وەزیری دهرهوهی عێراق باسی لهوهشكردوه، "عێراق کار بۆ باشترکردنی شێوازەکانی هاریکاری دەکات بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردو وڵات بەدیبهێنێت".
بەحرەین ستایشی بڕیارەکەی عێراقی کرد بۆ گەڕاندنەوەی بەرپرسی کاروباری عێراق لە مەنامە
لەلایەکی دیکەوە، بەحرەین ستایشی بڕیارەکەی عێراقی کرد بۆ گەڕاندنەوەی بەرپرسی کاروباری عێراق لە مەنامە بۆ بەغدا و "پێزانینی"ی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان هەردو وەزیرەکە.
ئەلعەباسی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە "دەرخەری کەشوهەوای ئەرێنی و پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردو وڵات و پەرۆشی هاوبەشە بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".