حکومەتی هەرێم: گرفت بۆ موچەی فەرمانبەران دروستدەبێت

10:56 - 29/03/2023

19686جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەراگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان گرفت بۆ موچەی فەرمانبەران دروستدەبێت و دەشڵێت، "ئەم گرفتە چارەسەر بکەین، هیچ گرفتێکی دیکە نامێنێت لەبەردەم موچەی موچەخۆران".

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم بەمیدیاکانی پارتی رایگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای پاریس زیان بە هەمو خەڵکی عێراق دەگەیەنێت، ئێستا و پێشتریش حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگات بە رێککەوتن، لە گفتوگۆکانی بەردەوامبوە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەماوەی چەند رۆژی رابردو دوجار سەردانی بەغدای کردوە، بەرەوپێشچونێکی باش هەیە، حکومەتی هەرێم پابەندە بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ بەغدا لەبارەی یاسای بودجەی گشتی عێراق، کە یاسای نەوت و غازیش تییدا یەکلایی کراوەتەوە".

لە بڕوایەدام کە لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە

وتیشی، "لە بڕوایەدام کە لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و هەردولا پەرۆشن بۆئەوەی دەرچەیەک بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوە و بگەن بە رێککەوتنێک، بۆئەوەی دوبارە نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە".

ئەم بڕیارە تا ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرتوە

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بڕیارە تا ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرتوە، بەڵام ئەمە رەنگە خەڵکی کوردستان بیربکەنەوە کە ئەمە قەیرانێکی گەورە روبەڕوی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ئێمە بیرمان نەچێت قەیرانی گەورەتر روبەڕوی هەرێمی کوردستان بۆوە".

خەڵکی خۆمان وریا و بوێرن و کۆڵ نادەن بۆیە ئەم جۆرە گرفتانە هەر روبەڕوی حکومەتی هەرێم و عێراقیش دەبێتەوە

جوتیار عادل ئەوەشی ئاشکراکرد، "لە ساڵی 2014 و سەردەمانی هێرشی داعش بۆسەر هەرێم، حکومەتی عێراق لە گەرمەی شەڕ بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بەڵام توانیمان بەسەر ئەم قەیرانە زاڵ ببین، تەنانەت عێراق لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە رێگەی لەشکری خۆی و هێزی دیکەشەوە شەڕی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشمەرگە قارەمانەکان داستانی پردێیان تۆمارکرد، خەڵکی خۆمان وریا و بوێرن و کۆڵ نادەن بۆیە ئەم جۆرە گرفتانە هەر روبەڕوی حکومەتی هەرێم و عێراقیش دەبێتەوە، ململانێکە لەسەر مافە و لەسەر دەسەڵات نیە".

بەدوای بەدیل و سەرچاوەی دیکە بۆ پێدانی موچە و ئاوەدانکردنەوە دەگەڕێین

لەبارەی موچەی فەرمانبەرانیشەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بەدوای بەدیل و سەرچاوەی دیکە بۆ پێدانی موچە و ئاوەدانکردنەوە دەگەڕێین، گرنگیمان بەسێکتەرەکانی دیکەی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پیشەسازیداوە، ئەمەش تەنها رێگەیە بۆئەوەی چیتر پشت بە نەوت نەبەستین بۆ موچە".

خەڵکی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە قەیرانی گەورەتر هەبون و توانیمان زاڵ ببین

ئەوەشی وت، "خەڵکی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە قەیرانی گەورەتر هەبون و توانیمان زاڵ ببین، گفتوگۆی باشکراوە و هەنگاوی باش نراوە، لەو بڕوایەدام لەئایندەیەکی نزیکدا ئەم گرفتەش چارەسەر ببێت، ئێمە وەکو حکومەت ئەوەی لەتوانای ئێمەدابوە پێشتر موچەمان دابەشکردوە، خەڵکی کوردستانیش دەزانێت 90%ی سەرچاوەی داهاتی هەرێم  نەوتە و ئەوی دیکەش نانەوتیە، ئەمەش گرفتت بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکات، چونک بەشێکە لە تەحەداکردنی ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی هەرێم هەیە، بێگومان ئەمە گرفت دروستدەکات، بەڵام لەکاتی خۆیدا حکومەتی هەرێم بڕیاری خۆی دەبێت ئەگەر خوانەخواستە نەگەیشتینە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا".

سەبارەت بە موچەی مانگی (ئازار/3)ی 2023، جوتیار عادل باسی لەوەکرد، "لەو بڕوایەداین ئەم گرفتە چارەسەر دەبێت و بەمزوانە، ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و هیچ گرفتێک نامێنێت بۆ موچە".