خهندان-
بە پێی رێنماییەكانی لیژنەی هاتوچۆی تایبەت بە رێكخستن و گواستنەوەی خوێندكاران، پارەی رۆژانی پشوی بەهارە جگە لە رۆژانی هەینی وەرناگیرێت، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیش بڕەكەی دیاریدەكات و دەڵێت، "هەر شۆفێرێك زیاتر وەربگرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان لە قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندوە، "ئەو پاس و تەكسیانەی لە مانگی ئازاردا لە باخچەو خوێندنگە حكومی و ناحكومیەكاندا هاتوچۆیان بە خوێندكاران كردوە، لە كۆكردنەوەی كرێی مانگانە دەبێت رەچاوی رێنماییەكانی لیژنەی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندكاران بكەن، كرێی هاتوچۆی رۆژانی پشوی بەهارە جگە لە رۆژانی هەینی لە خوێندكار وەرنەگیرێت، هەر شۆفێرێك لەو رێنماییە لابدات یاخود زیاتر وەربگرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت".
كرێی مانگانەی خوێندكار دابەشی سێ دەكرێت
لەبارەی چۆنیەتی دیاریكردنی بری ئەو پارەیەی كە دەدرێت بە شۆفێری پاس و تەكسیەكان، رێكان جمال ئاماژەی بەوەكرد، "كرێی مانگانەی خوێندكار دابەشی سێ دەكرێت، و دو بەشی لە خوێندكار وەردەگیرێت، و یەك بەشیش دەگەڕێتەوە بۆ خوێندكار".
لەكاتی بەدیكردنی هەر جۆرە سەرپێچییەك، لە رێگەی ژمارەی پەیوەندی (07701061603) لیژنەی چاودێركردنی هاتوچۆی ئاگاداربكەنەوە
قائیمقامیەتی سلێمانی بەخێوكاران و خوێندكارانی خوێندنگە و باخچە حكومی و ناحكومیەكانی سنوری هەردو بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئاگاداردەكاتەوە، لەكاتی بەدیكردنی هەر جۆرە سەرپێچییەك، لە رێگەی ژمارەی پەیوەندی (07701061603) لیژنەی چاودێركردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندكارانی لێئاگاداربكەنەوە.