ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیارێکی لەبارەی بەکارهێنانی سەربازی لە عێراق دەکرد

09:31 - 29/03/2023

3445جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە عێراق پەسەندکرد، کە کۆنگرێس لە ماوەی ساڵانی 1991 و 2002 وەک یاسا کاری لە سەرکردبو.

لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە عێراق بۆ ساڵانی 1991 و 2002 بەدەنگی 66 ئەندامی ئەنجومەنەکە هەڵوەشێندرایەوە و 30 ئەندامیش بە نەخێر دەنگیاندا.

پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکرێت

پاش بڕیارەکەی ئەنجومەنی پیران، پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکرێت، تاوەکو بەپێی کارنامەی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت، پاشانیش پرۆژە یاساکە ڕەوانەی کۆشکی سپی دەکرێت تاوەکو جۆو بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە واژۆی لەسەر بکات.

هەنگاو بە هەنگاو ئەو ڕێپێدانە گواسترایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا

بەگوێرەی دەستوری ئەمریکا، ڕاگەیاندن و دەستپێکی جەنگ دەخرێتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرێس، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ئەو ڕێپێدانە گواسترایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا، تا ئەم ساتەش پەیڕەودەکرێت وەک بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژ بە عێراق لە ماوەی رابردودا و لە ساڵی 2002 دا، هەروەها بڕیاری ڕاگەیاندنی جەنگی دژ بە ڕێکخراوی قاعیدە بە تایبەت لە پاش هێرشەکانی 11ی (ئەیلول/9)ی ساڵی 2001.

ئەندامانی کۆنگرێس لە ماوەی رابردودا شکستیان هێنا لە بەرانبەر وەستانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا

ئەندامانی کۆنگرێس لە ماوەی رابردودا شکستیان هێنا لە بەرانبەر وەستانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکا، چونکە دەسەڵاتێکی زۆریان خستبۆوە بەردەم سەرۆک لەڕوی ناردن و ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ هەر وڵاتێک کە بڕیاری جەنگییان لە بارەوە درابێت.

سەرۆکەکانی ئەمریکا سودیان لەم مۆڵەت و ڕێگەپێدانانە وەرگرت تاوەکو وەک پاساوێک لە بەرامبەر ئەنجامدانی هەر کردەیەکی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەکاریبهێنن.

بەشیک لە نوێنەران ئەو پڕۆژە یاسایەیان بە مردو وەسفکرد کە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1991 و 2002  ڕێپێدانی لەسەر درابو، کە پەیوەست بو بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژ بە عێراق، هەربۆیە جەختیان لەسەر بەسەرچونی بڕیارە دەکردەوە، لە بەرئەوەی جەنگ لە عێراقدا کۆتاییان هاتوە و لە ئێستادا عێراق یەکێکە لە هاوبەشەکانی ئەمریکا.

نیشانەکردن

ئه‌مریكا