تیروپشك بۆ شوقەی كرێنشینان دەكرێت

08:09 - 29/03/2023

4379جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دو شوێن بەمەبەستی دروستكردنی شوقە بۆ كرێنشینان دیاریكراون، لەداهاتویەكی نزیكیشدا تیروپشك بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە فۆڕمیان پڕكردۆتەوە و پاشانیش دەست بەدروستكردنی شوقەكان دەكرێت.

پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و لەچوارێوەی دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبون بۆ كرێنشینان، لە هەولێر دو شوێن بۆ شوقەی كرێنشینان دیاریكراون ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلو منارەیە.

 لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبون بۆ كرێنشینان دەكرێت

ئاماژەی بەوەشكردوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبون بۆ كرێنشینان دەكرێت و دواكەوتنی پڕۆژەكەش بۆ گۆڕینی ڕەگەزی زەوی پڕۆژەكە دەگەڕێتەوە و هیچ هۆكارێكی دیكەی نەبوە، لە ئێستاشدا ئامادەكاری تەواو كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكیدا وەبەرهێنەر دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكات.

ئەوەشی رونكردۆتەوە، بۆ ئەو فۆرمانەی كە لەلایەن كرێنشینانیش پڕكراوەتەوە لە  دیوانی پارێزگای هەولێر  تیرۆرپشك بۆ ناوی كرێنشینان دەكرێت و دواتر دەست بە پرۆژەكە دەكرێت.

نیشانەکردن

هەولێر