ئەمریکا؛ ڕوداوی کوشتنی بە کۆمەڵ لەحاڵەتەوە پێدەنێتە دیاردەوە

06:18 - 29/03/2023

11790جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پاش ڕوداو و کارەساتی هێرشەکەی ناشفیلی ئەمریکی بۆ سەر قوتابخانەیەکی تایبەت لە ویلایەتی تینیسی ئەمریکی کە لەلایەن ئۆدری هێلی تەمەن 28 ساڵەوە بە چەکی جۆری ڕەشاش ئەنجامیدا و بەوهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا کە سێ کەسیان منداڵ بون، چالاكوانان داوای جێبەجێكردنی قەدەغەی هەڵگرتنی چەك دەكەن.

 لەبارەی ڕوداوەکەوە ڕۆژنامەی ئیندیپێندیتی ئەمریکی نوێترین ڕاپۆرتی خانمە نوسەر و وتارنوس ڤیکتۆریا ریچاردزییان بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا نوسیویەتی، "ئایا چەند منداڵی تر پێویستە ببنە قوربانی، تاوەکو حکومەتی ئەمریکی بە هۆش خۆیدا بێتەوە سەبارەت هەموارکردنەوەی یاساکانی هەڵگرتنی چەک و داماڵینی چەک".

هێشتا بەرپرسان و سیاسەتەوانی وڵات لە بەرانبەریدا خەمسارد و بێدەنگ و ڕاڕا ماونەتەوە

ڤیکتۆریا دەپرسێت، "دوبارەبونەوەی ئەم جۆرە ڕوداوە ترسناکانە لە ئەمریکادا بە شێوەیەکی بەرچاو و دیار، گەرچی زەنگێکی زۆر مەترسیدارە، بەڵام هێشتا بەرپرسان و سیاسەتەوانی وڵات لە بەرانبەریدا خەمسارد و بێدەنگ و ڕاڕا ماونەتەوە، هەربۆیە ناتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بارەی قەدەغکردن و داماڵین هەر جۆرە چەکێکەوە بدەن، لە سەر و هەمو ئەوانەوە هێشتا کەسانێک هەن ئەم کارەساتە ترسناکانە وەک ڕوداوێکی ئاسایی و ڕاگوزەر تەماشا دەکات، واتا بە بێ خوێندنەوە و قوڵبونەوە لە دیوی ناوە ترسناکەکەی، کە دەبو ناخیان بهەژێنرایە، دواجاریش لەم کارەساتە ترسناکتر و قێزوەنتر ئەوەیە کە دوبارەبونەوەیان بۆتە دیاردە و ئەگەری ڕودوانی هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا".

بەهۆکاری  سیاسی نادیار، تاوەکو ئەم ساتە نەتوانراوە بە یاسای تۆکمە و پۆڵاین، قەدەغەکردن و یاساغکردنی هەڵگرتنی چەک بگرنەبەر

دیاردەی چەک هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک و هەڵکوتانە سەر شوێنە گشتییەکان و تایبەتەکان لە ڕوداوە هەرە ترسناک و توندوتیژەکانی وڵاتی ئەمریکان، کە ئیدی لە حاڵەت دەرچوە و ڕەنگی دیاردەی وەرگرتوە، بەڵام لەگەڵیدا بەهۆکاری  سیاسی نادیار، تاوەکو ئەم ساتە نەتوانراوە بە یاسای تۆکمە و پۆڵاین، قەدەغەکردن و یاساغکردنی هەڵگرتنی چەک بگرنەبەر، تەنانەت نەک هەوڵی بنەبڕکردنی بدەن، بەڵکو لانیکەم بتوانن، حاڵەت و دیاردەکان کەم بکەنەوە.

جگە لە کوشتنی خودی تاوانبارەکە، مەرگی شەش کەسی دیکە لێکەوتەوە

بە پێی داتا و ئامارەکان تەنها لە ساڵی 2023دا، ئاماری هێرشکردن و ئەنجامدانی کوشتارگەی بە کۆمەڵ و هەڵکوتانە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سیڤیل لە  شوینە گشتی و تایبەتەکاندا بە نزیکەی بە 130 حاڵەت و دایاردە تۆمارکراون، کە لە تازەترینیاندا ڕوداوی هێرشەکەی قوتابخانەی ناشفیل بو، کە جگە لە کوشتنی خودی تاوانبارەکە، مەرگی شەش کەسی دیکە لێکەوتەوە، تەنانەت ئامارەکانی بەشی ئەرشیفی Gun Violence Archive کە بنکەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە و بە دواداچونی قازانج نەویستە، ئاشکرایان کردوە، کەوا حاڵەتی کوشتنی بە کۆمەڵ و هەڵکوتانە سەر شوێنە گشتیەکان لە ڕێی چەکی بچوک وگەورەوە بەروارد بە سالانی ڕابردوا ڕێژەکەی لە بەرزبونەوەدایە، بە جۆرێک بە تەنها لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا لە ئەمریکادا، زیاتر لە 600 حاڵەتی لەو جۆرە تاوانانە تۆمارکراون. 

ئەگەرچی ئەمریکا پێناسە و وەسفێکی تایبەتی بۆ ئەم جۆرە کوشتنە بەکۆمەڵانە نیە، بەڵام ناوەند و بەشی ئەرشیفی Gun Violence Archive، ئەم جۆرە هێرشکردن و تاوانانەی ناوناوە "کوشتارگەی بەکۆمەڵ" بۆ سەر کەسانی شوێنە تایبەت و گشتییەکان، کە لەو نێوەندەدا ڕوداوی کوشتارگە خوێناوییەکەی ساڵی 2017 ی بە ترسناکتریین و قێزوەنترین تاوانی کوشتن لە قەڵەمداوە کە بوە هۆی کوشتنی زیاتر لە 50 کەس و بریندارکردنی 500 کەس.

نیشانەکردن

ئەمریکا