خه‌ندان-
لەگەڵ بەردەوامی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی توركیاوه، کۆمپانیای DNOی نه‌رویجی کە لە بواری نەوت و غازدا کاردەکات ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کورستان راگرت.
کۆمپانیای DNOی نه‌رویجی ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، دوای چوار ڕۆژ لە راگرتنی هه‌نارده‌ی نەوتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی بۆری تورکیا بۆ بەندەری جەیهانی دەریای ناوەڕاست، بە شێوەیەکی کاتی دەستی بە راگرتنی به‌رهه‌مهێنان له کێڵگە نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان کردوە.
کۆمپانیای DNO رۆژانە 107 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا
کۆمپانیای DNO له کێڵگەكانی تاوکێ و پێشکەبیر رۆژانە 107 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، كه یه‌ك له‌سه‌ر چواری ئه‌و نه‌وته‌یه كه هه‌رێمی كوردستان له پێشتردا سه‌ربه‌خۆ هه‌نارده‌ی ده‌كرد.
راگرتنی بەرهەمهێنان له كێڵگه‌ی تاوکێ دەستیپێکردوە
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، شەوی رابردو بەرهەمهێنانی له كێلگه‌ی پێشکەبیر راگیراوه، هاوكات راگرتنی بەرهەمهێنان له كێڵگه‌ی تاوکێ دەستیپێکردوە، بەڵام رۆژێکی دیکە یان زیاتری دەوێت بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەیەکی زۆر زیاتری بیرەکان کە لە نزیکەی 10 کیلۆمەتردا بڵاوبونەتەوە.
بیژەن مۆساڤار ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری DNO وتی، "بەداخەوە دۆخه‌كه گەیشتوەتە ئەم ئاستە بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە ئەگەرییەکانی بەردەوامی ره‌وانه‌كردنی نه‌وت و كاریگهریلهسهر نرخی نەوت لە کاتێکی ناسکدا لە بازاڕە داراییە جیهانییەکان".
پێش راگرتنی هەناردەی نه‌وت، هه‌رێم رۆژانە زیاتر له 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده ده‌كرد
پێش راگرتنی هەناردەی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ تورکیا كه 25ی ئه‌م مانگه بڕیاری لێدرا، هه‌رێم رۆژانە زیاتر له 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نارده‌كردن به‌ته‌واوی راگیرا و بوه سفر به‌رمیل.
کۆمپانیای DNO ASA، کۆمپانیایەکی نەوت و غازی نەرویجییە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای باکور و رۆژئاوای ئەفریقا كارده‌كات، کۆمپانیاکە لە ساڵی 1971 دامەزراوە و خراوەتە لیستی بۆرسەی ئۆسلۆ، پشکی هەیە لە مۆڵەتی وشکانی و دەریایی لە قۆناغە جیاجیاکانی گەڕان و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، نەرویج، بریتانیا، کۆت دیڤوار، هۆڵندا و یەمەن.