خهندان-
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زۆریی بارانبارین و گلدانەوەی ئاو لە هەردو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری کارەبا لە هەردو وێستگە کارۆئاوییەکە و زیادبونی پێدانی کارەبا.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بەماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی راگەیاندوە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، جگە لە وێستگەکانی گاز و نەوتی ڕەش و گازوایل، پشت بە دو وێستگەی گەورەی کارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دوکانن.
ئەو دو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن
وتیشی، "ئەو دو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن، ئەوەش بە پێی پلانێک بۆ بەردانەوەی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوی حکومەتی فیدڕاڵ دادەڕێژرێت، بەمشێوەیە کارەبا لەو دو وێستگەیە بەرهەمدەهێنرێت و تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
هەردو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ئاوێکی زۆریان گل داوەتەوە
ئومێد ئەحمەد ئاشکراشیکردوە، هەردو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ئاوێکی زۆریان گل داوەتەوە کە سەروی 300 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا ڕژاوەتە بەنداوەکان، لەئێستادا ئاستی بەرزیی ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 492.43 مەترە و ڕێژەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، سەبارەت بە دەربەندیخانیش، بەرزیی ئاستی ئاو 468.80 مەترە و ڕێژەی گلدانەوەی ڕۆژانەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.