خهندان-
ئاوارەیەکی سوریا کە نیشتەجێی بەیروتی پایتەختی لوبنانە، لە پێناو دابینکردنی قوتی خۆی و سێ منداڵەکەیدا پەنای بردۆتە بەر کۆکردنەوەی پاشماوەی مادە پلاستیکییەکانی سەر زبڵ و خاشاکەکان، رۆژانەش 12 کاتژمێر لەبەرامبەر 1.63 دۆلار کاردەکات.
دێری فەیازی تەمەن 26 ساڵ، ئاوارەیەکی شاری ڕەقەی سوریایە، لە ئێستادا نیشتەجێی بەیروتی پایتەختی لوبنانە، هاوشێوەی ئەو ملیۆنان ئاوارە سوریەیە بە هۆکاری جەنگی ناوخۆی سوریا ئاوارەی خاکی لوبنان بون.
بە ناچاری لە کاتژمێر 8:00ی سەرلەبەیانیەوە تاوەکو 8:00ی ئێوارە بە شوێن کۆکردنەوەی پاشماوەی سەرجەم مادە پلاستیکیەکانی سەر خاشاکەکانە
دێری فەیاز لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان و قوتی سێ منداڵەکەی، بە ناچاری لە کاتژمێر 8:00ی سەرلەبەیانیەوە تاوەکو 8:00ی ئێوارە، بە شوێن کۆکردنەوەی پاشماوەی سەرجەم مادە پلاستیکیەکانی سەر خاشاکەکانە کە دواتر ڕیسایکل دەکرێنەوە، بەوەش بۆ ماوەی 12 کاتژمێر بە بەردەوامی گەڕان دەکات تەنانەت بە بێ بەکارهێنانی هیچ جۆرە دەستکێش و پۆشاکێکی خۆپاراستن بۆ دوربون لە نەخۆشیە کۆکراوەکانی سەر زبڵخانە و پاشماوە خاشاکییەکان.
کاری ئەو ئاوارە سوریەی لوبنان، بەتەنها لە پێناو بەدەستخستنی بڕە پارەیەکی کەمدایە کە دەکاتە 250 هەزار لیرەی لوبنانی (دۆلارێک و 63 سەنت).
وڵاتی لوبنان، لە ئێستادا و بۆ ماوەی چوار ساڵ زیاترە روبەڕوی قەیرانێکی قورسی سیاسی و ئابوری سەخت بۆتەوە بەهۆیەوە بە هەزاران هاوڵاتی لوبنانی بە دەست بێکاری و هەژاری و کەمی دەرمانەوە دەناڵێنن.