خهندان-
ڤۆلۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای چەند مانگێک لە ڕزگارکردنی بەشێک لە بەرەی شەڕ سەردانی بەرەکانی پێشەوەی لە ناوچەی خێرسۆن کرد و رایگەیاند، "سەرجەم ئەو ناوچانەی لەلایەن روسیاوە داگیرکراون، ئازاد دەکەینەوە و دەیانگێڕینەوە بۆسەر خاکەکەمان".
لە سەردانەکەیدا، ڤۆلۆدمیر زلێنسکی رایگەیاند، "لە ئەنجامی دەستدرێژیی ڕوسیادا زیانێکی زۆر بەر ماڵ و دامەزراوە ژێرخانەکان کەوتون، لەئێستاشدا خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو نۆژەن کراوەتەوە و کلینیکێکی پزیشکی ئاوەدان کراوەتەوە و دانیشتوانەکەشی دەگەڕێنەوە".
لەبارەی کێشە و پێداویستییەکانی ئێستایان لەگەڵ دانیشتوانی شارەکە قسەم کردوە
ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبارەی کێشە و پێداویستییەکانی ئێستایان لەگەڵ دانیشتوانی شارەکە قسەم کردوە، هەموشتێک نۆژەن دەکەینەوە و ئاوەدان دەکەینەوە، هەروەک هەمو شارۆچکە و گوندێک کە بەدەست داگیرکەرانەوە زەرەرمەند بون، رزگار دەکەین".
هەردولا بەردەوامن لەشەڕ و روبەڕوبونەوەی بەردەوام
هێزەکانی ڕوسیا پێش ئەوەی بکشێنەوە بۆ کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕوباری دنیپرۆ بەشێکی زۆری ژێرخانی وزەی خێرسۆنیان لەناوبرد، دوای چەند مانگێک، هەردولا بەردەوامن لەشەڕ و روبەڕوبونەوەی بەردەوام، ئەمەش بوەتە هۆی ئاستەنگ لە کارەکانی چاککردنەوە و پچڕانی کارەبا تا ئێستاش زۆرە.
لە کاتی سەردانەکەدا باسیان لە دابینکردنی کارەبا لەو ناوچانە کردوە کە لە داگیرکاری دورخراونەتەوە
سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی یەکێک لە دامەزراوە وزەییەکانی ناوچەکەی کرد و وتی، "لە کاتی سەردانەکەدا باسیان لە دابینکردنی کارەبا لەو ناوچانە کردوە کە لە داگیرکاری دورخراونەتەوە، هەروەها چاککردنەوەی ئەو ئامێرانەی کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ڕوسیادا لەناوچون، جگە لەوەش دەبێت کەرتی وزەمان بپارێزین".